دەوحە
پێشكەشكاری كەناڵی جەزیرەی قەتەری رۆژنامەنووس ئەحمەد مەنسوور لە ئەڵمانیا دوو رۆژ دەستبەسەركرا بەڵام دواتر ئازاد كرا و دوای ئازاد كردنی باسی لەو دوو رۆژە كرد و گوتی: "ئازاد كردنی من سەركەوتنی ئازادی راگەیاندن لە بەرامبەر گوشارەكانە و رەنگە ئەمە یەكەم سەركەوتنی راگەیاندنی ئازاد بێت لە سەرانسەری جیهان لە بەرامبەر رژێمە داپلۆسێنەرەكاندا.
مەنسوور بۆ ئەوەی سەردانی قەتەر بكات رۆژی 20ی حوزەیران سەردانی ئەڵمانیای كرد بەڵام لە فڕۆكەخانەی تەگەل لە بەرلینی پایتەخت دەستگیركرا و رۆژی 22ی حوزەیران ئازاد كرا و دوێنێ شەو لە رێگای فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی قەتەرەوە گەیشتەوە دەوحە. لە فڕۆكەخانەكەدا مەحەمەد مەنسووری كۆڕی و بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی جەزیرە مستەفا سەواك، خانەوادەكەی، دۆست و هاوڕێكانی و بەرپرسانی دیكەی كەناڵی جەزیرە پێشوازییان لێ كرد.
مەنسوور لە بارەی ئازاد كردنی خۆیەوە لە ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە سەركەوتنی ئازادی راگەیاندنە.
مەنسوور كە میدیای جیهانی بە گرنگییەوە باسی لە دەستگیركردنی دەكرد، رۆژنامەنووسێكی بەرەگەز میسرییە و خاوەن رەگەزنامەی بەریتانیایە. مەنسوور ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپۆل داوای دەستگیركردنی كردووە.
مەنسوور ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو كەسانەی لە فڕۆكەخانەكەدا دەستگیریان كردووە ئەو بەڵگانەیان نیشان داوە كە بەرپرسانی میسر داوای دەستگیركردنی مەنسووریان لە ئینتەرپۆل كردووە بەڵام ئینتەرپۆل ئەو داواكارییەی رەت كردووەتەوە، بەڵام بڕیاری دەستگیركردنەكەم لەسەر فەرمانی پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بووە.
مەنسوور گوتی: "لە كاتی دەستگیركردنمدا داوای فەرمانی دەستگیركردنم لە پۆلیسی ئەڵمانیا كرد و فەرمانەكەیان پێ نیشاندام و هی رۆژی دووی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014ی دادگای فیدارڵًی ئەڵًمانیا بوو، بەڵام ئەو بڕیارەی دادگای میسر كە لەلایەن حكوومەتی میسرەوە رۆژی 18ی حوزەیرانی ساڵی 2015 روانەی ئەڵمانیا كراوە نیشانی من نەدرا.
مەنسوور لە بارەی ئەو سەركردانەوە كە پشتگیرییان لێكردووە گوتی: "سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە حكوومەتی ئەڵمانیا گرت و دژی دەستگیركردنی من تاقە سەركردە بوو لە جیهان كە هەڵوێستی دەربڕی و دوای ئازاد كردنیشم راوێژكاری ئەردۆغان پەیوەندی پێوە كردم و ئاماژەی بەوە كرد كە سەركۆمار پیرۆزبایی لە من كردووە، شاندی پارێزەرانی سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵویش دوای ئازاد كردنم پەیوەندییان بە منەوە كرد، جێگری سەركۆماری پێشووی بۆسنەو هەرسەك حارس سیلاژدزیچیش پەیامێكی تەلەفۆنی بۆ من نارد و سەركۆماری پێشووی تونس محەمەد مونسف و چەند سەركردەیەكی دیكە پشتگیرییان لەمن كردووە و سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە پشتگیرییان لەمن كردووە و پەیامیان بۆ من ناردووە".