Sarmand Hameed
09 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2020
حەسەکە - AA
هێزەکانی ئەمریکا وەک هەنگاوێک بۆ جێگیرکردنی هێزەکانیان لە کێڵگەكانی نهوت له سووریا بنکەیەکی سەربازیی دیکە بنیات دەنێن، هەروەها ئاڵای ئەمریکایان لەسەر خاڵێکی سەربازیی بەرزکردووهتەوە کە لەژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەکە/پەکەکە دایە لە پارێزگای حەسەکە.
کێڵگەكانی نهوت له باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێ لەنێوان ئەمریکا و رووسیا لهپێناو دەستبەسەرداگرتنیان.
هێزەکانی ئەمریکا کە لەو ناوچانەی سووریا جێگیربوون کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەکە/پەکەکەوە داگیرکراون، لە ١٨ی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا پێنج جار رێگرییان لە هێزەکانی رووسیا كردووه له چوونە ناو کێڵگەی نەوتیی رومێلان لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە و ناچار بە گەڕانەوەیان کردوون.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی رووسیا بۆ گەیشتن بە کێڵگەی نەوتی رومێلان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیانکردووە بە بنیاتنانی بنکەیەکی سەربازیی لە شارۆچکەی تەل بەراک کە دەکەوێتە سەر رێگای کێڵگەکە به دووری ٤٠کم له باکووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، هێزەکانی ئەمریکا لە میانی چەند هەفتەی دواییدا لە رێگەی دەروازەی سنووری وەلید چەندین ئامێر و کەرەستەی بیناسازییان لە عێراقەوە گواستووەتەوە بۆ سووریا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزەکانی ئەمریکا ئاڵایان لەسەر تاوەرێک لە ناوەڕاستی شارۆچکەکە بەرزکردووەتەوە، هەروەها بە بەردەوام هێلێکۆپتەرەکانیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسووڕێتەوە کە بنکە سەربازییەکەی تێدا بنیات دەنرێت.
- بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە دەبنە بنکەی سەربازیی ئەمریکیی
لە پێشهاتێکی دیکەدا، سوپای ئەمریکا كه هێزهكانیان له کێڵگەكانی نەوت له پارێزگای دێرازۆر بڵاوهپێكردووه، ئەو باڵەخانەیەی کە تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە لە گەڕەکی غوێران لە شاری حەسەکە دەستیان بەسەردا گرتووە، كردووهته خاڵێکی سەربازیی ئەمریکی.
ئەو سەرچاوانەی کە زانیارییان بە ئاژانسی ئانادۆڵو دا، ئەوەشیان روونکردەوە ئامانج لەم هەنگاوانە ئەوەیە ئەمریکا نیازی ئەوەی هەیە شاری حەسەکە بکاتە ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەكانی نهوت.
هێزەکانی ئەمریکا لە ١١ بنکە و خاڵی سەربازیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستیی لە هەریەک لە حەسەکە، رەققە و دێرازۆر بوونیان هەیە.
لەماوەی رابردوودا، ئەمریکا پاڵپشتیی سەربازیی زیاتری بۆ بنکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵات و باکووری سووریا رەوانە کرد کە زۆربەیان دەکەونە ناوچەکانی نزیک لە کێڵگەکانی نهوت له سووریا.
هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتیی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە لایەن سوپای تورکیاوە دەستپێکرا، هێزەکانی ئەمریکا لە چەند بنکەیەکی سەربازیی کشانەوە، بەڵام لەو بنکە سەربازییانە نەکشانەوە کە دەکەونە نزیک کێڵگەكانی نەوت لە سووریا.