Muhammet Ali Kemal
06 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سەبارەت بە نیگەرانییەکانی لەبارەی رووداوە توندوتیژەکانی هەرێمی ئاراکانی میانمار، نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئاسایش، دۆخی مرۆیی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ مایەی نیگەرانییەکی ئێجگار زۆرن و جەختی لەوەکردووەتەوە لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا ئەمە ''سێیەمین شەپۆلی گەورەی توندوتیژییە'' کە لە ناوچەکە روودەدات.
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی ژنان، منداڵان و بە تەمەنەکان قوربانیی یەکەمی رووداوە توندوتیژەکانن کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی میانمارەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەڕێوەدەچێت و رایگەیاندووە:
''هەزاران کەس پەنایان بردە بەر بەنگلادیش، ژمارەیەکیان بریندارن و پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلە هەیە. هەزاران لەو هاووڵاتییانە لەسەر سنوور گیریان خواردووە و ژمارەیەکیان لەکاتی پەڕینەوە لە سنوور گیانیان لەدەستداوە. ئەو دۆخە تۆقێنەرەی لە ئێستادا هەیە، ئەگەری هەیە ببێتە کارەساتێک و ئاشتی و ئاسایش لە دەرەوەی سنوورەکانی میانماریش بخاتە مەترسیی''.
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس باسی لەوەکردووە کە حکوومەتی میانمار بەرپرسیاری یەکەمە لە دەستەبەرکردنی ئاسایشدا و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، لەوبارەیەوە دەست بە کارەکانی بکات و گوتوویەتی:
''پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیامێکی بەهێز ئاراستەی حکوومەتی میانمار و ئەو رووداوانە بکات کە لەو وڵاتە روودەدەن. هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیاریەتی ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆ کە رێگە لە هەڵکشان و تەشەنەسەندنی قەیرانەکە بگرێت''.