Heman Hussein Yaseen
18 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
لە پەیامێکدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سیاسەتمەداری عێراقی عەدنان پاچەچی دەکات کە دوێنێ شەو بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری ئەبوزەبی کۆچی دوایی کرد.
لە پەیامەکەی بارزانییدا هاتووە: "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی دیپلۆماتکار و سیاسەتمەداری ناوداری عێراقی عەدنان پاچەچیم بیست، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پاچەچی و هاوبەشی خەمیانم، لە خودای مەزن داواکارم بیخاتە ژێر دلۆڤانیێ خۆی".
عەدنان پاچەچی ساڵی ١٩٢٣ لە بەغدا لەدایکبووە و زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت تەواو کردووە، ماستەری لە کۆلێژی ڤیکتۆریای بریتانی لە قاھیرە خوێندووە، لە سەردەمی حوکمی سەرکۆماری عێراق عەبدولکەریم قاسم دا باڵیۆزی عێراق بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دواتر لە سەردەمی حوکمی سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارفدا بووەتە وەزیری دەرەوەی عێراق و لە ساڵی ٢٠٠٤یشدا بۆ ماوەی خوولێک سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی حوکمی لە عێراق وەرگرت.