Abdullah Abdulmanaf Shukur
16 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکی کرد.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەری سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکی کردووە کە پێکھاتبوو لە سێناتۆر جێمس ئێنھۆف ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و بەرپرسی لیژنەی ھێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و سەرۆکی شاندەکە و سێناتۆر جۆن بووزمەن و سێناتۆر ماریۆن مایکڵ ڕۆندز و سێناتۆر کێڤین کرامێر ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ترێنت کێڵی و تیمۆسی واڵبێڕگ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماسیو تیولەر ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی و دواپێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاتوێ کرا و شاندەکەی ئەمریکا ئامانجی سەردانەکەیان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان خستەڕوو و جەختیان لە دۆستایەتیی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمەریکا و گەلی کوردستان کردەوە.
ھەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەت و سوپای ئەمریکای کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوونە و پێزانینی ھەبووە بۆ دۆستایەتیی نێوان ھەردوو گەلی کوردستان و گەلی ئەمەریکا.
ھاوکات راشیگەیاندووە کە شەڕی دژی تیرۆر لووتکەی ھاوکاریی و دۆستایەتیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا بووە.
وەک لە هەواڵەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی رێگەکانی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ھەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی جیھانی ئاڵوگۆڕ کراوە.