Abdullah Abdulmanaf Shukur
16 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی گەیشتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رۆما لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جیوزێپێ کۆنتێ، و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی حکوومەتی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگییەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکرێت.
هەروەها لە سەردانەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان تاوتوێ دەکەن.
پاشان لە ڤاتیکان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس کۆدەبێتەوە و باسی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی و هاندانی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دەکات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان رایگەیاند: "لەگەڵ قەداسەتی پاپا باسی گرنگی پێکەوە ژیانیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەین. شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری داوە بۆ بەرەپێشبردنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ پەیڕەوانی تەواوی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان".
هەریەک لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ئانۆ جەوهەر و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق و وەزیری هەرێم، خالید شوانی یاوەری مەسرور بارزانی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان.