Sarmand Hameed
03 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە شاری بەغدا پێشوازیکرد لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە دەربارەی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ بکات.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە و گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و پابەندبوون بە دیالۆگ و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی هەرێمایەتی.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستی پاڵپشتیکردنی رێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماتییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا کراوەتەوە، ھاوکات ئاماژەکرا بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ناوچەکە گرنگ و پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و هەنگاونان بەرەو رەخساندنی گەشەپێدان و هاریکاری هاوبەش.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، ئیرەج مەسجدی پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیری عێراق و پتەوکردنی بەردەوامی پەیوەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ دووپاتکردەوە.