Sarmand Hameed
04 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەمریکا دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق کشاندووەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتۆن بە بەغدای راگەیاندووە کە بێزار و نیگەرانە لە کردنە ئامانجی نێردەکانی دیپلۆماتی.
مستەفا کازمی لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، لە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێنا.
کازمی گوتی: "رێککەوتن کرا لەسەر دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دەرچوون لە بنکە سەربازییەکان لە عێراق، لەوکاتەشەوە دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق".
گوتیشی: "بەر لە گەشتەکەم بۆ واشنتۆن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆبوومەوە، هەندێکیان داوایان لێکردم لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەماوەی هەشت ساڵدا دانوستانیان لەگەڵدا بکەم، من دانوستاندنم لەگەڵدا کردن و توانیمان سێ ساڵ بەدەستبهێنین".
لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بنکە سەربازییەکانی عێراق جێگیرکرد.
لە ٢٠ی ئابی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی ئەمریکای کرد.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق ئەنجامدرا، واشنتۆن لە ماوەی سێ ساڵدا هێزەکانی لە عێراق دەکێشێتەوە وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند.
لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "واشنتۆن بە بەغدای راگەیاندووە کە بێزار و نیگەرانە لە کردنە ئامانجی نێردەکانی دیپلۆماتی لە عێراق بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان".
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد کە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، عێراق دووچاری قەیرانی راستەقینە دەکات و لێکەوتەی ترسناکی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی داڕمانی راستەوخۆی ئابووری، چونکە زۆربەی یارمەتییە داراییەکان بۆ عێراق لەرێگەی ئەمریکاوەیە.
لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر ناوچەی سەوز و کوشتنی خۆپیشاندەران کازمی ئاشکرای کرد کە لەوبارەیەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و لیژنەکان کاری خۆیان دەکەن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.