Azad Mohammed Abdullah
20 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
فەرماندەکانى پێشمەرگە ئاشکراى دەکەن کە زیاتر لە ٣٠٠ چەکدارى داعش لە چیاى قەرەچووغ لە سنوورى قەزاى مەخموور ماون و سوودیان لە ئەشکەوت و شاخە سەختەکانى چیاى قەرەچووغ بینوە.
فەرماندەلە هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى مەخمور، لیوا زریان شێخ وەسانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دواى ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە تۆپهاوێژەکانى ئەمریکا لە ناوچەى قەلاتى سنوورى قەزاى مەخموور دەستیان بە بۆردومانێکى چڕ بۆ سەر مۆڵگەکانى تیرۆریستانى داعش لە چیاى قەرەچوغ و گوندى عەلى رەش لە سنوورى قەزاکە دەستپێکردووە و تا ئێستاش لە بۆردومانکردنەکەیان بۆ سەر داعش بەردەوامن".
ئەو فەرماندەیەى هێزى پێشمەرگە گوتى: "هێزەکانى پێشمەرگە لە حاڵەتى ئامادەباشیدان بۆ هەر جموجۆلێکى تیرۆریستانى داعش، تا ئێستا هێرشمان نەکردووە، بەڵام ئامادەین هەر جموجۆلێکى داعش لە سنوورەکە بە ئامانج بگرین و هەماهەنگى تەواویش لە نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەیە".
ناوبراو لەبارەى زیانى بۆردومانەکانەوە گوتیشى: "بەهۆى بەردەوامى بۆردومانەکانەوە تا ئێستا نازانین چەند تیرۆریستى داعش کوژراون و چەندین بریندارن، بەڵام بێگومان چەند مۆڵگەیەک بە ئامانج گیراون کە داعشیان تێدابووە".
لیوا زریان شێخ وەسانى ئاماژەى بەوەشدا کە دوێنێ چەند فڕۆکەیەکى هاوپەیمانان بە ئاسمانى ناوچەکە دەسوڕانەوە و چەند مووشەکێکیان ئاڕاستەى مۆڵگەکانى داعش کرد، بەڵام بە پشتبەستن بەو زانیارییانەى دوێنێ فڕۆکەکانى ئەمریکا لە چاودێرى سنوورەکە کۆیان کردووەتەوە، ئەمڕۆ تۆپهاوێژەکانى ئەمریکا بۆردومانەکانیان دەستپێکردووە.
لەبارەى ژمارەى چەکدارانى داعشەوە ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگە لە مەخموور دەڵێت "بەپێى ئەو زانیارییانەى دەست پێشمەرگە کەوتوون تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ تیرۆریستى داعش لە سنوورى چیاى قەرەچووغ لە قەزاى مەخموور ماون و جموجۆلیان هەیە لە سنوورەکە".
قەزاى مەخموور بە دوورى ٥٦ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوورى رۆژئاواى پارێزگاى هەولێر، دەکەوێتە سنوورى ماددەى ١٤٠ کە بە ناوچە جێناکۆکەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق دەناسرێت.