بەرلین
جێب بوش کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٦ لە ئەمریکا خۆی کاندید بکات بە توندی رەخنەی لە سەرۆکی رووسیا ڤیلادیمیر پوتین کرد و گوتی: "پوتین ستەمکارێکی پراگماتیستە".
جێب بوش کە برای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆرج بوشە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممەی هەفتەی داھاتوو کاندید کردنی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئاشکرا بکات لە چوارچێوی سەردانێکدا بۆ ئەورووپا گەیشتە بەرلین و لەگەڵ کارساز و خاوەنکارانی نزیک لە پارتی دیموکراتی مەسیحی دەسەڵاتدار کۆبووەوە و لە ناوەندی ویرتسچافتستارتدا گوتەیەکی پێشکەش کرد.
بوش بە توندی رەخنەی لە لکاندنی کریمیا بە رووسیا و ھەنگاوەکانی رووسیا بەرامبەر بە ئوکراینا کرد و گوتی: "پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا و ناتۆ گوشاری زیاتر بخەنە سەر رووسیا".
بوش گوتی: "سەرۆکی رووسیا ڤیلادیمیر پوتین ستەمکارێکی پراگماتیستە و تا ئەو کاتەی گوشاری نەخرێتە سەر ھەر بەردەوام دەبێت لەسەر گوشار خستنە سەر لایەنەکانی دژی خۆی بەڵام ئەمە ئەرکی ناتۆیە کە وەڵامی ئەو گوشارانە بە گوشار خستنە سەر بداتەوە بۆیە ناتۆ پێویستە ئەمە بکات".
بوش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "زۆر گرنگە کە وڵاتانی رۆژئاوا پەرە بە گوشارەکانیان بۆ سەر پوتین بدەن و نابێت گەلی رووسیا رووبەڕووی زەرەر و زیان ببێتەوە و پێویستە ھاوکاری گەلی رووسیا بکرێت و پێویستە سەرۆکی رووسیا کە تێوەگلاوی گەندەڵییە پەراوێز بخرێت و بۆ ئەوە مەبەستەیش پێویستە ئەوەی بکەوێتە سەرشانمان درێغی لێ نەکەین".
بوش لە بەردەوامی قسەکانیدا رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما گرت و گوتی: "سیاسەتی دووری کردنی ئۆباما بۆ دەستوەردانی کردن لە قەیرانەکان سیاسەتێکی ھەڵەیە. و لە رۆژھەڵاتی دوور بوونە شاھێدی ئەو سیاسەتە ھەڵانە و لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا ھەر بەو جۆرە رووبەڕووی دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە ھەڵانە بوونەوە. ئەو بۆشاییەی کە بە ھۆی کشانەوەی ئەمریکا دروست بووە ھەروا نامێنێتەوە بۆ نموونە ئەمریکا لە عێراق کشایەوە و ئەو بۆشایییەی کە دوای کشانەوە دروست بوو لە لایەن کەسانی دیکەوە پڕ کرایەوە".
بوش گوتی: "نابێت ئەمریکا بکشێتەوە و پێویستە بەردەوام بێت لەسەر رۆلی خۆی کە رۆلی سەرکردایەتی کردنە و بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستە ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاترمان لەگەڵ ھاوپەیمانەکانماندا ھەبێت".
بوش لە بەردەوامی کۆبوونەوەکەدا وەڵامی پرسیاری ئامادەبوانی لە بارەی سیاسەتی دەرەکی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی سیخوری ئەلکترۆنیکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بوش گوتی: "من بڕوام بەوە نییە کە دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکا سیخوری بازرگانییان کردبێت و بڕوایشم بەو جۆرە چالاکییانە نییە. رای گشتی ئەورووپا و ئەڵمانیا تێگەیشتنی ھەڵەیان لە بارەی چالاکییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ھەیە و پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش پێویستیمان بەدیالۆگ ھەیە".
بوش کە یەک لە کەسایەتە دیارەکانی پارتی کۆمارییە لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو بۆ کاتێکی کورت قسەی کرد.
جێب بوش کە دەبێتە سێیەمین کەسی بنەماڵەی بوش کە بۆ دەسەڵات کردن لە کۆشکی سپی خۆی ئامادە دەکات تەمەنی ٦٢ ساڵە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی ١٥ی ئەم مانگە لە شاری میامی بەفەرمی خۆی کاندید بکات.