سلێمانی
نیوەرۆی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوم بەسەردانێك گەیشتە شاری سلێمانی و لەلایەن پارێزگاری شارەكە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەرپرسانی حكوومی شارەكەوە پێشوازی كرا.
لە لێدوانێكی كورتدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، سەركۆماری عێراق گوتی: "ناو بەناو سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەم و كۆمەڵێك دیدار و كۆبونەوە ئەنجام دەدەم".
هەروەها گوتی: "لە سەردانی ئەمجارەمدا سەرەتا لەگەڵ سەركۆماری پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی كۆدەبمەوە بۆ لە نزیكەوە بینین و بەسەركردنەوەی، دواتر سەردانی شاری هەولێر دەكەم و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبمەوە".
سەركۆماری عێراق ئاماژەی بەوە كرد، سەردانەكەی سەردانێكی سیاسییە و بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكەو جیهان و كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە.