Heman Hussein Yaseen
14 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشییە ھەردوو کاندیدی پۆستەکانی جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ کاروباری کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی ھەولێر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو کە تیایدا بە زۆرینەی دەنگ جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ کاروباری کارگێڕی هێمن قادر و، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر دلۆڤان محەمەد لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵبژێردران.
لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا، لە کۆی ٢٥ ئامادەبووی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا، هەریەک لە جێگری پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، بەجیا ٢٤ دەنگیان بەدەستهێنا و تەنیا ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگی نەدا.
دوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان، ئاڵۆگۆڕی ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی دەستی پێکردووە.