Heman Hussein Yaseen
14 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەمەبەستی گەیاندنی داواکاری و کێشەکانیان، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعرووف لە دووەم کۆبوونەوەی خۆیدا لەگەڵ تەواوی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا و بڕیارە داواکارییەکانیان بۆ حکوومەت بەرز بکاتەوە.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعرووف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆبوونەوەیەکەی راوێژکاریمان ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکان و لە ئەنجامدا داواکاری و داخوازییەکانییان بۆ حکوومەت بەرزدەکەینەوە و، داوکارییەکی زۆر هەیە کە یەکێکیان ئەوەیە پێکهاتەکانی دیکەش دەیانەوێت بەشێوەیەکی کۆتا بەشداری پەرلەمانی کوردستان بکەن".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "دوای پڕۆسەی ئازادبوونی عیراق و ھاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە، پێکھاتەکان بوونە قوربانی یەکەمی ئەو ململانێ سیاسییە و بەھۆیەوەش بەشێکی زۆریان تووشی کێشەی گەورەھاتوون بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان".
دواتر وەک نوێنەری پێکهاتەی کاکەیی، لیزا فەلەکەدین کاکەیی گوتی: "بۆیەکەمجارە حکوومەتی ھەرێم وەزیرێکی تایبەت بە پێکھاتەکان دادەنێت و ئەمەش جێگای دڵخۆشییە بۆ ئێمەی پێکھاتەکان و دەمانەوێت لە کوردستان جێگە و پێگەمان هەبێت و رەچاوی مافی هەموولایەک بکرێت".
رۆژی ٣ی ئەم مانگە، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئایدن مەعرووف یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ پێکهاتەی تورکمان ئەنجامدا و، راشیگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجام دەدەن و لە کۆبوونەوەکانی داھاتووش لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە.
لە ھەرێمی کوردستان حەوت پێکھاتەی ئایینی جگە لە موسڵمانەکان دەژین. لە پەرلەمانی کوردستانیش ١١ کورسی پەرلەمانیان بۆ دابینکراوە و، لەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش پۆستیان پێدراوە.