واشنتۆن
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کاردانەوەی بەرامبەر ناوی ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی نواند کە لەناوچەکانی رومادی دژی داعش ئەنجامی دەدەن.
ئەمیش دوای ئەوە دێت کە ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی ناوچەکانی دەستی داعش لە رومادی، بەناوی "لبیک یا حسین"ەوە ئەنجام دەدرێت و کاردانەوەی جیاجیای لایەنی سوننە و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێناوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ستیڤ وارەن لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا دەربارەی کاردانەوەکانی وڵاتەکەی لەسەر ئەو ناوە گوتی: "بەڕوونی ئەمە نازناوێکی مەزهەبییە و لەو بڕوایەدا نیم کە هیچ سوودی هەبێت".
وارەن ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت بۆ وەدەرنانی داعش دوور لە بیر و هزری مەزهەبگەرایی لە عێراقدا کار بکرێت .
گوتەبێژی حەشدی شەعبی ئەحمەد ئەسەدی رۆژی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کە بەمەبەستی رزگار کردنی شارۆچکەی بێجی و رومادی و ئۆپەراسیۆنێکیان دەست پێ کردووە لە هەردوو ناوچەکەدا و شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامیان هەیە و رایگەیاند کە بۆ ئەو مەبەستە لەسەعات ٥ی بەرەبەیانییەوە ئۆپەراسیۆنی "لبیک یا حسین" یان دەست پێ کردووە.