بەغدا
وەزیری كاروباری مافی مرۆڤی عێراق محەمەد مەھدی بەیاتی باسی ئەو تاوانانەی كرد كە ماوەی یەك ساڵە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە عێراق ئەنجام دراون و گوتی: "تەنیا لە بەندیخانەی بادوش لە مووسڵَ زیاتر لە ٥٤٠ كەس لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كوژراون".
بەیاتی لە بەغدا بەشداری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی كرد و گوتی: "یەك ساڵ بەسەر داگیركردنی مووسڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە و فەتوای مەرجەعی ئاینی شیعەكان عەلی سیستانی بۆ جیھاد تێپەڕی و تیرۆریستانی داعشیش لە دژی توركمان، مەسیحی، شەبەك و ئیزیدییەكان كۆمەڵكوژی و پاكتاوی رەگەزیان ئەنجامداوە".
بەیاتی گوتی: "ئەركی ئێمەیە كە ئەو تاوانانەی لە لایەن تیرۆریستانەوە لەدژی پێكھاتەكانی جیاجیا ئەنجام دەدرێن ئاشكرا بكەین و تیرۆریستانی داعش لە كەمپی سەربازی سپایكەر لە پارێزگای سەڵاحەدین زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ كەسیان كوشتووە و تا ئەمڕۆ زیاتر لە ١٣ گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراونەتەوە و تێیایاندا تەرمی ٥٩٧ كەس دەرھێناوە و سێ گۆڕی بەكۆمەڵی دیكە لە ناوچەی عەلەم دۆزراونەتەوە و تێیایاندا ١٦ تەرم دەرھێنراون".
بەیاتی گوتی: "لە بارەی رەوشی ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی كە لە لایەن داعشەوە داگیركراون زانیاریمان پێ دەگات و تیرۆریستانی داعش تا ئەمڕۆ لە بەندیخانەی بادوش لە مووسڵ بە گوێرەی جیاوازی ئاینی زیاتر لە ٥٤٠ كەسیان كوشتووە و بە سەدان بەرپرس و گەورە ھۆزەكانی سوننە لە شارە جیاجیاكان لە لایەن تیرۆریستانەوە كوژراون و لە شارەكانیشدا ژمارەیەك زۆر ھاووڵاتی لە دادگاكانی شەرعی تیرۆریستاندا سزای بەندكردن، بڕینی دەست، رجم و لەسێدارەدان كردنیان بۆ دەركراوە".
بەیاتی جەختی لەوە كردەوە بەڵگەیان لە بەردەستدایە كە تیرۆریستانی داعش لە كاتی تۆپباران كردنی ماڵەكاندا گازی كلۆریان بەكار ھێناوە و لە شارەكانی ئەنبار، دیالە، مووسڵ و تكریتدا بە سەدان ئەندامی ھێزەكانی ئەمنی عێراق لە لایەن تیرۆریستانەوە كوژراون و تیرۆریستان بۆ ئەشكەنجە كردنی خەڵك بەندیخانەی تایبەتیان دروست كردووە.
بەیاتی بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ ھەموو ھاووڵاتییانی مەسیحی ناچار كردووە شارەكە چۆڵ بكەن و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی ئەو ھاووڵاتییانەدا گرتووە و بە سەدان شوێنی نیشتەجێبوونی توركمانەكانیش لە مووسڵ، تكریت و كەركووك كاول كران و بە ھەزاران توركمانیش ئیعدام كران و تیرۆریستان ھێرشی سەر چەندین گوندی شەبەكەكانیان كردووە و بە سەدان ھاووڵاتی شەبەكیان كوشتووە و گوندەكانیان وێران كراون و ھەموو زێدی ئیزیدییەكانیان كردە ئارمانج و شوێنەكانی پیرۆزی ئیزیدییەكانیشیان كردە ئامانج و تەقاندیانەوە، گوندی بەشیری توركمانەكان بە یەكجار وێران كرا بە سەدان ژن و منداڵ كوژران".
تیرۆریستانی داعش زیاتر لە ٩٠٠ ژنی ئیزدییان رفاندووە و لە شارەكانی مووسڵ و سووریادا فرۆشتوویانن و ئەو ژنانەیش رووبەڕووی ھەر جۆرە دەستدرێژییەكی جنسی و فیزیكی بوونەوە و ئەو شوێنانەی كەلە لایەن داعشەوە داگیركراون ژنان ناچار دەكرێن كە پەچە و سەرپۆش لەسەر بكەن و جلوبەرگی تایبەتیش بۆ پیاوان ئامادە كراوە و ژنان ناچارن تەنیا جلوبەرگی رەش لەبەر بكەن.
بەیاتی گوتی: "ژمارەیەكی زۆر دكتۆر و پەرەستاریش كە لە نەخۆشخانەكانی مووسڵ و ئەنباردا كاریان دەكرد لە لایەن تیرۆریستانەوە كوژران و ئەو دكتۆرانەیش رزگاریان بووە ناچارن كە بە شێوەیەكی ھەمیشەیی تیرۆریستانی داعش دەرمان بكەن. منداڵان لە مووسڵ ناچار دەكرێن پەروەردەی توندوتیژی و تەكفیری ببینن و بە سەدان منداڵی ئیزیدی و منداڵی دیكە كە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنراون وەكو خۆكوژ بەكار دەھێنرێن".
بەیاتی گوتی: "لە عێراق و ناوچەكانی دیكە بەشێكی زۆری شوێنەكانی مێژوویی وێران كران و ئاسەوارەكانی مێژوویی لە ناوبران و فرۆشران و تەنیا لە مووسڵ ٤٢ كلێسا و ٢٥ شوێنی ئیزیدییەكان لە لایەن تیرۆریستانەوە وێران كراون".