Sarmand Hameed
09 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدڕالی کۆببێتەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕالی، دۆخی ئەمنی و ئیداری ناوچە کێشە لەسەرەکان دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، شاندەکەی حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەوەکالەت، عەبدولحەکیم خەسرۆ دەبێت.
بڕیارە شاندەکە لە میانی سەردانەکەیان بۆ بەغدا جگە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فیدڕالی، عوسمان غانمی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و بەرپرسانی دیکەی باڵای عێراق کۆببنەوە.
شەوی رابردوو، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، ئاشکرایکردبوو کە ئەمڕۆ ھەینی سەردانی شاری بەغدا پایتەختی عێراق دەکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شنگال.
رێبەر ئەحمەد لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبووی: "بەیانی سەردانی بەغدا دەکەم بەمەبەستی واژووکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شنگال".
زانراوە کە بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.