Sarmand Hameed
09 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شارەکە راگەیاند.
ئەحمەد موللا تەڵال لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیوویەتی: "سەرۆكوەزیرانی عێراق چاودێری رێککەوتنێکی مێژوویی کرد کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕالی لە شنگال لە بوارەکانی کارگێری و ئەمنی بەهێز دەکات".
ئەحمەد موللا تەڵال ئاماژەی بەوە کردووە کە رێککەوتنەکە کۆتایی بە باڵادەستی گرووپە دەرەکییەکان دەهێنێت و یارمەتیدەرە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی شارەکە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق راشیگەیاندووە ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ نووسیوویەتی، "ئەوەی ئەوانی دیکە شکستیان تیایدا هێنا، ئەم حکوومەتە لە رێگەی چاندنی متمانەی هاوبەش و پێشکەشکردنی نیازپاکی تیایدا بە پشتبەستن بە سیاسەتێکی پۆڵایین سەرکەوتوو بوو بەرەو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە بۆ شنگال، و گەڕانەوەی هەموو خەڵکەکەی بۆ ماڵەکانیان".
ئەمڕۆ هەینی، شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەوەکالەت، عەبدولحەکیم خەسرۆ و سوپاسالای پێشمەرگە، جەمال ئیمنێکی و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عیسمەت ئەرگوشی گەیشتە بەغدا.
شاندەکە بە گەیشتنیان بۆ بەغدا لەگەڵ لهگهڵ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئهعرهجی كۆبوونهوه.
پێشتر وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، ئاشکرایکردبوو کە ئەمڕۆ ھەینی سەردانی شاری بەغدا پایتەختی عێراق دەکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شنگال.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.