Hemin Hüseyin
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2017
هەولێر-AA
بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرسی شەڕی دژبە تیرۆر سەركۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند بە سەردانێكی فەرمیی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی و سەرۆكوەزیران، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێكرا.
لە رێوڕەسمی پێشوازیكردنەكەدا بیست منداڵی شەهیدان بە جلوبەرگی كوردی و ئاڵای كوردستان و فەڕەنسا پێشوازییان لە ئۆلاند كرد.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەركۆماری فەڕەنسا سەردانی یەكێك لە میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگە بكات و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی هێزی پێشمەرگە بێت و بڕیاریشە دوای بەسەركردنەوەی بەرەكانی جەنگ، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام بدات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەركۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ هەریەك لە سەركۆماری عێراق فوئاد مەعسوم و سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی كۆبوویەوە.
فەڕەنسا وەك ئەندامێكی یەكێتی ئەورووپا و یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە جیهاندا كە مافی ڤیتۆی هەیە و هاوكات و ئەندامی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعشە. لەو چوارچێوەیەشدا ھاوكاری ھێزەكانی پێشمەرگەی كردووە لە شەڕی دژبە داعش.
جێگەی ئاماژەیە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤دا، لە دوای ھێرشی داعش بۆسەر هەرێمی كوردستان، فرانسوا ئۆلاند وەك یەكەمین سەركۆماری وڵاتانی جیهان گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی كۆبووەوە و پشتگیری فەڕەنسای بۆهەرێمی كوردستان راگەیاند.
لەمیانی رێورەسمی پێشوازیكردنەكەدا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، مسرور بارزانی و وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
وەزیری بەرگری فەڕەنسا، جان ئیڤ لودریان یاوەری سەركۆماری وڵاتەكەیەتی لەم سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان.