Cemal Sargati
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2017
سلێمانى - AA
رابەرى گشتى بزووتنەوەى ئیسلامیی کوردستان، عیرفان عەلى عەبدولعەزیز:"کۆبوونەوەى هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە، کۆبوونەوەیەکى مێژوویى بوو، چونکە یەکەم جارە کۆببینەوە".
لە چەند رۆژى رابروودا هەر سێ لایەنى ئیسلامى، کۆمەڵ و بزووتنەوە و یەکگرتوو، کۆبوونەوەیەکیان لەسەر ئاستى باڵا ئەنجامدا، مەبەست لەو کۆبوونەوەیەش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەى یەکگرتنى هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکەى هەرێمى کوردستانە بوو، هەر لەو کۆبوونەو بڕیاردرا دەستەیەکى باڵا دروست بکرێت بۆ جێبەجێکردنی کارەکانى پڕۆژەکە.
رابەرى گشتى بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان، عیرفان عەلى عەبدولعەزیز بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەک بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان چەند رۆژێک لەمەوبەر لە مەکتەبى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى کۆبوونەوەیەکى مێژوویمان ئەنجامدا،ئەوەش یەکەمجارە هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە کۆببینەوە و بە راشکاوانە گفتوگۆمان کرد".
عیرفان عەلى عەبدولعەزیز گوتیشى: "هەر لەو کۆبوونەوەدا بە چڕى باسى گرفتەکانمان کرد و باسی ئەو کێشە و گرفتانەشمان کرد کە بەرۆکى رابوونى ئیسلامى گرتووە لە هەرێمى کوردستان،هەروەها گفتوگۆمان کرد لەسەر دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان کە بەچ قۆناغێک تێپەر دەبێت".
رابەرى گشتى بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان راشیگەیاند کە ئەو کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەیەکى ئیجابى زۆرباش بووە و لەمبارەیەوە گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا گەیشتینە ئەو باوەڕەى کە پێویستە کارەکانمان باشتر و چاکتر بکەین لە نێوان هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە و میکانیزمێک دابنێین بۆئەوەى ئەو ئیشوکارانەى لەنێوان لایەنەکان هەیە بەشێوەیەکى باش بەڕێوەبچێت".
عیرفان عەلى عەبدولعەزیز گوتیشی: "هەر لەو کۆبوونەوەدا دەستەیەکى باڵامان دروستکرد، ئەو دەستەیەش لە ئایندەدا دانیشتنى خۆى دەکات و نەخشە رێگا و میکانیزمى خۆى دیارى دەکات بۆ ئەوەى بزاندرێت لە ئایندەدا چى بکەین".