Heman Hussein Yaseen
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
هەولێر-AA
شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی گەیشتە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر.
بەپێی زانیارییەکان ئامانجی سەردانەکە، رازیکردنی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی-یە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوان سادق؛ وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان؛ عەبدوڵڵا حاجی مەحمود و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، رۆژانی چوارشەممە کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات و بەپێی زانیارییەکانیش لە کۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردوودا، وەزیری کاروباری شەھیدان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود پێشنیازی کردووە کە شاندێکی حکوومەت سەردانی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی بکەن بۆ ئەوەی رازی بکەن بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و پێشنیازەکەش قبوڵکراوە. ھەر بۆیەش ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەت لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەدان و کۆبوونەوەکەش بەداخراوی و دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەدەچێت.
بەھۆی چەند رووداوێکەوە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان ھەردوو تیمی وزارەتی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکوومەت و بەمھۆیەوە لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ەوە، جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی دواتریش وەزیرەکانی یەکێتیی بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان نەکردووە.