Zana Natık Kerem
18 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2019
نەینەوا ــ AA
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند لە ئاکامی ئەو شەڕو پێکدادانەی کە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە نێوان سوپا و چەکدارانی پەکەکە لە شنگال روویدا، دوو سەرباز کوژراون.
شانەی رایگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیادا روونکردنەوەی لەبارەی شەڕو پێکدادنەکەی نێوان سوپا و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە شنگال داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھاتووە "چەکدارانی پەکەکە ھێرشیانکردە سەر بازگەیەکی ھێزەکانی فەوجی یەک سەربە لیوای ٧٢ لە شنگال، ئەویش دوای ئەوەی سەربازێک داوای مۆڵەتی ئەمنی لێ کردوون بە ئامانجی تێپەڕبوونیان لە بازگەکە".
بەپێی راگەیەندراوەکە، دوای ئەوە چەکدارانی پەکەکە سەربازەکەیان شێلاوە و ھێرشیانکردە سەر بازگەکە کە بە ھۆیەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھەردوولادا روویداو لە ئاکامدا، دوو سەرباز کوژراون و پێنج چەکداری پەکەکەش برینداربوون.
دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوە ئەمنییەکان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان رایگەیاندبوو کە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە لە شنگال روویداوە و لە ئاکامدا، سەربازێک و دوو چەکداری پەکەکە کوژراون و چوار سەرباز و دوو چەکداری دیکەی پەکەکە برینداربوون.