ههولێر- شوان سدیق
چەند فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرئاستی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە رەوشی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، هۆشداری دەدەن بە لایەنەكان كە بەوریاوە مامەڵە بكەن، نەك ببنە هۆی لە دەستدانی ئەو دەستكەوتانەی لە هەرێمی كوردستاندا هاتوونەتە ئاراوە.
فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بۆ ئانادۆڵوی راگەیاند "پێشمەرگە هۆشداری دەداتە لایەنەكان، بەو وریایەوە مامەڵە بكەن، بۆ ئەوەی ئەم ئەزموون و دەستكەوتانەی ئێستا هەمانە لە دەستی نەدەین، هێزی پێشمەرگە یەكێتی و یەكڕیزی میللەتەكەمانی بەلاوە گرنگە".
گوتیشی: "ئەمڕۆش مەترسییەكی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە هەروەها ئاسۆیەكی روونیش لەبەردەم كوردستاندایە بۆیە تێكدانی ئەم بارودۆخە جگە لە بەرژەوەندی كەسولایەنانێكە كە بەرژەوەندیان لەگەڵ شەڕە ئەگینا بەهیچ جۆرێك لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا نییە".
بەیاننامەی ئەو فەرماندانەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم. سەرۆكایەتی پەرلەمان. حكوومەتی هەرێم و حیزب و لایەنەكان و هەروەها جەماوەری كوردستانە سەبارەت بە رەوشی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كە ماوەیەكە لایەنەكان رێكناكەون.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە "بە شاهیدی هەموو دونیا زیاتر لە ساڵێكە بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر لە خانەقین و جەلەولاوە تا شنگال و زوممار پاشان تا كۆبانێ دەیان هەزار پێشمەرگە و خۆبەخش لە رۆڵەكانی كورد لە بەرەكانی شەڕن و بەرگری لە خاك و گەلی كوردستان دەكەن. لە دژی تیرۆریستان. تا ئێستاش زیاتر لە هەزار و 200 پێشمەرگە شەهید بوون و هەزارانیش بریندار هەیە كەچی بەداخەوە، لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە ململانێیەكی نادروست كە خەریكە هەرێم بە ئاراستەیەكی نادیار دەبات".
ئەو فەرماندانەی هێزەكانی پێشمەرگە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، بە ناوی خۆیان و برا پێشمەرگە قارەمانەكان، "داوا دەكەین بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهیدانمان و ماندووبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان و بەلەبەرچاوگرتنی مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان، كە ئێمە لە هەمووكەس زیاتر هەستی پێ دەكەین، بۆ پاراستنی یەكێتی و یەكڕیزی گەلەكەمان، هەروها لەبەرچاوگرتنی بار و گوزەرانی هاووڵاتییانی كوردستان، كەبەدەست دەیان گرفتەوە دەناڵێنن، داواتان لێ دەكەین، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ".
ئەو فەرماندە و كەسایەتییە سەربازیانە كە ناویان لە لیستەكەدا هاتووە، ژمارەیان 42 كەسە بەشی زۆری كەسانی پلەداری سەربازین لە جەلەوەلاوە تا دەگاتە شنگال سەرپەرشتی میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.
شێخ جەعفەر كە ناوی لە لیستەكەدا هەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە. بە خوێنی دەیان هەزار شەهید هاتووەتە ئاراوە، هەزاران پێشمەرگەمان برینداربووە، ئێستاش هەزاران پێشمەرگەمان لە سەنگەرەكانی بەرگریدان".
ئەو فەرماندەیە گوتیشی: "هیچ كەس و هێزێك لە پێشمەرگە بەرپرس ترنییە لە بەرامبەر ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ هاتوونەتەدی بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانیش ئەركی زیاتر لە ئەستۆی پێشمەرگەیە بۆیە بەو پەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئەو بەیاننامەمان دەركردووە، هۆشداریمان داوەتە لایەنەكان، كە لە كوردستان ئەو بگرەو بەردەیە كە بۆتە هۆی دڵەراوكێ و مەترسی لای هاووڵاتییان بە وریایەوە مامەڵە بكەن".
لە بەشێكی دیكە و كۆتایی بەیاننامەی فەرماندەكانی پێشمەرگەدا هاتووە "ساڵێك لەمەوبەر كەس لە ماڵ و چارەنووسیی دڵنیا نەبوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان وڵاتی پاراست و گەیشتینە ئەمرۆ بۆیە دەرنجامە خراپەكانی ئەم بارودۆخە كە كاریگەری بەسەر هەموو كوردستانەو هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشەوە دەبێت.
بۆیە داوا دەكەین ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگە ڕێزی لێ بگیرێت. ئەمە قوناغێكی هەستیارە و پێویستە بە رۆحێكی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بە هەنگاوێكی دڵخۆشكەر ورەی پێشمەرگەش بەرزتردەكەنەوە".