ھەولێر - حەمید حوسێن
ئەمڕۆ شەممە ١٣٥ رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەیاننامەیەكیان خوێندەوە كە تیایدا ئەنجامی سەردانەكانیان بوو بۆ لای حزب و لایەنەكانی سیاسی راگەیاند.
لە بەیاننامەكەدا ھاتووە "بە ھۆی باردۆخەكە لەم كاتەدا ناتوانرێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بە نوێنەرایەتی ١٣٥ رێكخراوی مەدەنی و بە ھاوكاری یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان و بە مەبەستی دۆزینەوەی پانتایی ھاوبەش بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە ئەو سەردانانە بۆ لای لایەنەكانی سیاسی كراوە. بۆیە ئەگەر لایەنەكانی سیاسی نەگەنە رێككەوتن ئەوا قەیرانێكی دیكە دەست پێ دەكات كە ئەویش لە ئێستادا باس لە دوو ئیدارەی دەكرێت كە ئەوەیش زیان بە چارەنووسی ھەرێمی كوردستان و ئامانجە گەورەكە كە دەوڵەتی كوردستانە دەگەیەنێت".
ھەروەھا ھاتووە "تێبینی و سەرنجی ھەموو لایەنەكان تۆمار كراو و دواتر خاڵەكانی ھاوبەش و جیاواز خرانە بەر دەستی ١٠ شارەزا لە بواری یاسایی و سیاسیدا".
لە بەیاننامەكەدا هاتووە "دەستنیشانی كێشەكان كراوە لە سێ خاڵدا كە بریتین لە: "مانە و نەمانەوەی بەڕێز كاك مەسعود بارزانی بەپێی یاسا، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان یان لەناو خەڵك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم".
ھەروەھا لە بەیاننامەكەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ھاتووە "بەپێی یاسا ماوەی سەرۆكایەتی ھەرێم لە ٢٠ی ئەم مانگە كۆتایی پێ دێت و پارتی دیموكراتی كوردستان دوای سازان و درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی دەكات. چوار لایەنەكەی دیكەش داوای سیستەمی پەرلەمانی دەكەن و دەسەڵاتەكان پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت و سەرۆكی ھەرێم لە ماوەی سەرۆكایەتی خۆی دوور بكەوێتەوە لە پۆستی حزبی".
لە كۆتاییدا ئەوەیش خوێنرایەوە كە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی پرۆژەی خۆیان پێشكەشی لایەنەكانی سیاسی كردووە و بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر دەبێت ھەموو لایەنەكان لە خاڵێكی خۆیان خۆش بن بۆ ئەوەی سازان بكرێت و لە گەڵ پەراوێزخستنی ھیچ لایەنێكی سیاسی نین و ھیچ لایەنەك بە تەنیا ناتوانێت بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی كوردستان بپارێزێت.