Zana Natık Kerem
28 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا پایتەختی عێراق، لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی بەڕێوەدەچێت.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی نۆ وڵات لەسەر بانگھێشتی حکوومەتی عێراق بەشداری لە لووتکەکەدا دەکەن.
ئامانج لە بەستنی لووتکەکە ئەوەیە حکوومەتی عێراق لە میانی لووتکەکەدا ھەوڵدەدات رۆڵی نیوەندگیریی بگێرێت بۆ نزیککردنەوەی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن و بەتایبەتیش سعوودیە و ئێران.
پێشتر ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عامر فایز رایگەیاندبوو کە لووتکەی بەغدا بۆ ھاوکاری و ھاوبەشی کە لە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا دەبەسترێت، رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئابووری و ئاسایشی عێراق دەبێت.
لە ماوەکانی رابردوودا گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم ئاشکرای کردبوو کە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی ، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا بنیاتنانی ھاوبەشی ئابووریی.
تا ئێستا سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێڵ ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی کوێت، سەباح خالید سەباح بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشی، گەیشتوونەتە بەغدا.