هەولێر
عەلی باپیر دەڵێت ئەوەی لە قەڵادزی رووی دا زۆر ناخۆش بوو، ئەگەر لایەنەكان نەگەنە لێكتێگەیشتن و چارەسەریی گرفت و كێشەكان نەكەن ئەگەری شتی خراپتریش هەیە.
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو بۆچوون و پەیامی خۆی لەبارەی رووداوەكانی هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو و سەبارەت بە رەوتی خۆپێشاندانەكان كە هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و چەندین بابەت لە داواكاریی خۆپیشاندەراندایە لە سەروویانەوە مووچە و چارەسەركردنی كێشەی سیاسیی هەرێم دەڵێت: "خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان مادام لە چوارچێوەی هێمنی و ئارامیدا بێت و دوور بێت لە توندوتیژی و دەستدرێژیكردن بۆ سەر بنكە و بارەگا و موڵك و ماڵی حكوومەت و خەڵك و دوور بێت لەو شتانەی كە پێچەوانەی بەرژەوەندیی گشتین و دوورن لە رۆحی تەبایی و پێكەوەژیان و رێز لە یەكترگرتن و پڕنسیبەکانی شارستانی، ئەوە بە مافێكی مسۆگەری هەموو تاكێكی دەزانن، بەڵام بەو مەرجەی لە چوارچێوەی هێمنی و ئارامیدا بێت".
ناوبراو دەشڵێت: "بەڕاستی خەڵك كە داوای هەقی خۆی دەكات ئەوەندە بەس نییە كە ئەوەی داوای دەكات هەق بێت، بەڵكو پێویستە بەشێوەیەكی هەقیش داوای بكات، خوای پەروەردگار لە سوڕەتی ئیسرا، دەربارەی قورئان دەفەرموێت "وبالحق أنزلناە و بالحق نزل"، واتە قورئان وێڕای ئەوەی كە هەقە، بەڵام بەشێوەیەكی هەقیش هەر ئایەت و سوڕەتەی دابەزیوە لە كات و شوێنی خۆیدا".
ئەمیری كۆمەڵ روونیشی دەكاتەوە: "پێویستە خەڵك و هاووڵاتییان و لایەنەکانی سیاسی و هەركەسێك كە رەخنە لە ناهەقی و ناڕێكی و لە زوڵم و ستەم یان گەندەڵییەك پێویستە هەقەكەی خۆی بەهۆی شێوازی ناهەقەوە ناشرین نەكات و بیانوو نەخاتە دەستی لایەنی بەرامبەر كە هەقەكەی نەسەلمێنێت لەبەر ئەوەی شێوازی ناهەقی بەكار هێناوە".
عەلی باپیر لە نووسینگەی خۆی لە هەولێر لە رێگەی ئاژانسی ئانادۆڵو، وێڕای دڵتەنگیی خۆی بۆ رووداوەكانی دوێنێ هەینی لە قەڵادزێ و سەرەخۆشی لە قوربانیانی خۆپێشاندانەكە و هیوای زووچاكبوونەوەی بریندارەكان، گوتی ئەو رووداوە زۆر دڵتەنگی كردووە.
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر لەوبارەیەوە گوتی: "سەرەخۆشی لە كەسوكار و بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەم، ئیشەڵا خوای گەورە بەشەهیدی وەرگرتوون. داوای شیفای خێراش لە خوای پەروەردگار بۆ بریندارەكان دەكەم. بەڕاستی بۆ من ئەو رووداوە زۆر ناخۆش بوو، هەڵبەت هەموو هەرێمی كوردستان و هەموو تاكێكی كورد بە خزم و نزیكی خۆمانی دەزانین، لەبەر ئەوە نا كە من خەڵكی ئەو دەڤەرەم بەڵكو هەموو مرۆڤێك لەیەك خێزانین و لەیەك دایك و باوك بەدی هێناون، ئەو رووداوانەم زۆر پێناخۆش بوو، بەتایبەت پشدەر و بتوێن تایبەتمەندییەكان هەیە لە نێو دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان بەوەی غەریب نەوازن و خەڵكی تر بەدرێژایی مێژوو لەوێ حەواوەتەوە، خەڵك لە كوێی عێراق قاچاخ بووە بە كورد و غەیرە كورد لەوێ حەواوەتەوە، ئەوەی لەوێ رووی دا زۆرم پێ ناخۆش بوو".
هەروەها گوتیشی: "ئومێدم وایە ئەوەی لە قەڵادزێ كەوتەوە هەر لەوێ كۆتایی پێ بێت. ئەمرۆش دیارە لەسەر ئاستی قەڵادزێ و پشدەر كۆبوونەوەی لایەنەكانیش بووە چونكە سەرەنجام هەموولایەك زەرەرمەندین لەو رووداوانە. هەر پارتی نا كە بارەگاكەی دەسووتێت، هەر ئەو بنەماڵانە نا كە كوڕەكانیان كوژراوە. من پێم وایە پەنجەی مرۆڤێك 100 بارەگا دەهێنێت بەڵام بارەگاش چی حكوومی یان حزبی بێت یان ماڵی هاووڵاتیش بێت دەبێت پارێزراو بێت".
عەلی باپیر درێژەی دایە و گوتیشی: " زۆر دڵناخۆش بووم بەڵام كە بینییم لە هەموو لایەنەكانەوە پەرۆشی و بەتەنگەوەبوونەوە هەیە، رووداوێكی نەخوازراو بووە، دەبێت بەزووترین كات ئەو ئاگرە لەوێ بكووژێتەوە و نەهێڵێت تەشەنە بكات. ئومێدیشم وایە هەوڵ بدرێت ئەو هۆكارانەی دەبێـتە هۆی بێزاری و ناڕەزایی خەڵك و خەڵكیش ناڕەزایی و بێزاری خۆی دوور لە توندوتیژی دەرببڕێت".
لەبارەی چارەسەریی كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "سەرەتای دەستپێكردنی ئەو بارگرژی و ناڕێكیانەی كە هەن لە هەرێمدا من هەوڵێكم دا، یەكەمجار چووم بۆ لای جەنابی كاك مەسعود بارزانی و پاشان چووم بۆ لای ئەوانەی كە بڕیار بەدەستیان دەزانم، چووم بۆ لای كاك نەوشیروان و هێرۆخان و هەندێكیان هاتن بۆ لام كاك د.بەرهەم ساڵح و كاك كۆسرەتم بینی، كاك نێچیرڤان بارزانی و ئەوان هاتن، من یەكەم كەس كە بینیم جەنابی كاك مەسعود بوو".
ناوبراو درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت بە سەرۆكی هەرێم مەسعوود بارزانیشم گوتووە. ئەو دەڵێت: "پێمگوت جەنابت بەحوكمی ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەرپرسیارێتی گەورەتر لە ئەستۆتە. من پێشنیار دەكەم هەرچی زووتر داوا بكە كەسی یەكەمی ئەو پێنج لایەنە سەرەكییەی لە حكوومەتدا بەشدارن كۆیان بكەنەوە با دابنیشن و قسە بكەین و لێك تێ بگەین و چوارچێوەیەك دابنێین. دوای دەگونجێت وردەكارییەكانی شاندەكان تەواوی بكەن بەڵام بەداخەوە هەڵنەسووڕا، ناڵێم هەر لەوێوە شكستی هێنا بەڵام دواتر بەدەستەوەمان نەهات لە ئاست كەسی یەكەمی ئەو پێنج لایەنە سەرەكییە ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت".
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەروەها گوتیشی: "ئێستاش دەڵێم پاش ئەو هەموو رووداوانە ئێمە هیچ بەدیلێكمان نییە بۆ پێكەوەدانیشتن، هەر دەبێت پێكەوە دابنیشین و لەیەكتر حاڵی بین و لە ئاست بڕیار بەدەستانی ئەم وڵاتەشدا چی حكوومی و حزبی، چارەسەریش هەر لەوەدا دەبینم، من پێشتر لە پەیامێكدا بەناونیشانی با لە هەوڵی پێكگەیشتن دانەبەزین ئەگەر بمانەوێت پەنجەی پەشیمانی نەگەزیین باسم كردبوو. ئەوەی لە قەڵادزی رووی دا شتێكی زۆر ناخۆش بوو. ئەگەر نەگەینە لێك تێگەیشتن و چارەسەریی گرفت و كێشەكانمان نەكەین خۆ ئەگەری شتی خراپتریش هەیە".
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی چارەسەری خۆشی بۆ كێشەكان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "من چارەسەر لەوەدا دەبینم بۆ یەك دابەزین و بێینە خوار، ئینجا سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حزبەكان، سەنگی مەحەكمان ئەوە بێت. بەرژەوەندیی خەڵك چۆن جێبەجێ دەبێت، ئەم وڵاتەی ئێمە لەگەڵ زۆر كێشە و گرفتی گورچكبڕدا دەستە و یەخەیە. خەڵك سەری خۆی هەڵدەگرێت خەڵك نا ئومێدە، ئێمە نابێت كە خەڵك تووڕە دەبێت بڵێین ئەوە فڵان حزب دەستی لە پشتی داوە. رەنگە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێك ئەوانەی لە حزبێكەوە نزیكن تا حزبێكی دیكە جیاوازی هەبێت بەڵام بەگشتیی كار و كەسابەت راوەستاوە و مووچە نادرێت. خەڵك بەگشتی تێبینی هەیە لە نەبوونی شەفافییەت و روونی لە داهات و خەرجیدا. خەڵك تێبینی لەسەر قۆرخكاری و گەندەڵكاری هەیە. تێبینی لەسەر ئەوە هەیە حكوومەت نەیتوانیوە حكوومەتی هەموو لایەك بێت. پەرلەمان ئیفلیج كراوە خەڵك بەگشتیی تێبینی و سەرنجی هەیە".
عەلی باپیر درێژەی دایە و گوتی: "بەوە هیچ بەهیچ ناكەین، بێێن خەڵكی دەڤەرێك تووڕە بوو بڵێن فڵان لایەن، هەڵبەت هیچ لایەنێك بەڕاستی نابێت ئەوە لەخۆی بوەشێنێتەوە خەڵك بجووڵێنێتەوە بۆ ئاڵۆزی، چونكە هەموومان دەگرێتەوە. دەپرسم خەڵك چی بكات كاتێك تووڕەیە و بێزارە؟ دەشڵێت لەگەڵ مانگرتن و خۆپێشاندانی خەڵكم. پێش ئەوەش داوا لە بڕیار بەدەستانی ئەم وڵاتە دەكەم كە بێنەپێش بزانن خەڵك لە چی تووڕەیە و هەرشتێك رێگرە لە چارەسەریی ئەوانە لایبەرن. من كورسی و پێگەم بۆ چییە ئەگەر نەبێتە هۆی بەختەوەریی و رازیكردنی خەڵك. دەبێت بەخۆماندا بێینەوە كە خەڵك لە چی بێزارە و لەچی تووڕەیە و بۆ لێمان تووڕەیە، هەڵبەت هەر لایەنێك بەقەدەر خۆی".
لە كۆتایی قسەكانیشیدا ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی پێی وایە كۆبوونەوەی پێنج سەركردەی پێنج حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی كوردستان كلیلی چارەسەرە و دەڵێت: "كلیلی كردنەوەی گرێ كوێرەكانە لە جەوێكی هێمن و ئارام و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بە خەڵك و بزانین چی كۆسپە لەسەر چاكسازی و چیتر هەیمەنەی حزب بەسەر دامەزراوەكان نەمێنێت و گەندەڵێ بنەبڕ بكەین، كۆتایی بە نادادگەریی بهێنین".
news_share_descriptionsubscription_contact



