هه‌ولێر
سكرتێری په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان فه‌خره‌دین قادر له گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، باس له پرسی بە جێنۆساید ناساندنی شنگال و ره‌وشی سیاسی له عێراق، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كا.
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا سكرتێری په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان، فه‌خره‌دین قادر باسی له رووداوه‌كانی شنگال كرد و گوتی: "له‌و كاته‌ی كه زۆرێك له ئێزدییه‌كان ئاواره‌بوون و رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی مرۆیی بوونه‌وه، په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری وڵاتانی بیانی دیداری ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری پێویست بگه‌یه‌نرێته لێقه‌وماوان، هه‌روه‌ها كاریشمان له‌سه‌ر پرسی كه‌یسی شنگال كردووه بۆ به جینۆساید ناساندنی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، له‌و كاته‌دا په‌رله‌مانی كوردستان سێ لیژنه‌ی راسپارد، مافی مرۆڤ و لیژنه‌ی ئافره‌تان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی دواتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمیش دانیشتین و گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ده‌بێ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و حكومه‌ت كار بۆ كه‌یسی شنگال و رووداوه‌كانی دیکە بكه‌ین كه به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتووه."
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان گوتیشی: "سه‌رۆكی په‌رله‌مان و لیژنه‌ی مافی مرۆڤ و ئافره‌تان و نوێنه‌ری پێكهاته ئاینییه‌كان لە سەردانەکەیاندا بۆ هۆڵه‌ندا، دیكۆمێنتی باشیان پێیه، ده‌مانه‌وێ كه‌یسی شنگال له‌سەر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر كاری له‌سه‌ر بكه‌ین."
هه‌ر له‌باره‌ی كاركردن له‌سه‌ر به‌جینۆساید ناساندنی كه‌یسی شنگال و رووداوه‌كانی دیکەی ئه‌مدواییانه‌ی هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆسه‌ر ناوچه کوردییەکانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان. فه‌خره‌دین قادر گوتی: "ده‌بێ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی كاری باش بكه‌ین بۆ پرسی جینۆساید، ئه‌م هه‌نگاوانه ده‌بێ هه‌ر له ناوخۆدا نه‌بێ، بگره ئاستی نێوده‌وڵه‌تی گرنگه چونكه ئێستا لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی هاتوونه‌ته پێشه‌وه. ئه‌وان هاوكارمانن له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا و نوێنه‌رایه‌تی چه‌ند وڵاتێك قسه له‌سه‌ر به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌و رووداوانه كراوه."
یه‌كێك له بابه‌ته گرنگه‌كان كه پێش رووداوه‌كانی شه‌ڕی چه‌كدارانی داعش به‌رامبه‌ر به كورد، پرسی ریفراندۆم بووه.
له‌وباره‌یەوه سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێ: "له‌و سۆنگهیەوە هه‌رێمی كوردستان رۆژ له دوای رۆژ به‌ره‌و گه‌وره‌بوون ده‌ڕوا و وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر دێنه پێشه‌وه بۆ پرسی كورد و هاوبه‌شی سیاسی له كوردستان خه‌ریكه بنه‌ماكانی دروستده‌بێ، هه‌موو ئه‌وانه وایكردووه په‌رله‌مان گه‌وره‌تر سه‌یری هه‌رێمی كوردستان بكا."
فه‌خره‌دین قادر گوتیشی: "له خولی دووه‌می گرێدانی په‌رله‌ماندا دوو پڕۆژه یاسامان له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری یاسایی به‌ده‌ستگه‌یشتووه، له‌سه‌ر كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌ردوو پڕۆژه‌كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆكراوه، پاشان دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه روویاندا له ناوچه جێناكۆكه كوردستانییه‌كان، ئه‌وه‌ش وایكردووه فیعله‌ن به‌لامانه‌وه گرنگ بێ كه سازانێك دروست بكه‌ین، پڕۆژه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكه‌ین."
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان یوسف محه‌مه‌د له گوتاری رۆژی 3ی مانگ له دانیشتنی په‌رله‌ماندا، باسی له‌وه‌كرد كه یه‌كێك له كاره گرنگه‌كانی خولی نوێی كاری په‌رله‌مان دروستكردنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و پڕۆسه‌ی ریفراندۆمه.
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان فه‌خره‌دین قادر ده‌ڵێ: "له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختمان له‌سه‌ر پاراستنی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووەته‌وه. كه ئێستا له لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه ده‌پارێزرێن، پێشمه‌رگه‌ش ناكشێته‌وه، بۆ راپرسیش به ئاگاداری حكومه‌تی ناوه‌ند كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی راپرسی بكه‌ین وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان."
سه‌باره‌ت به به‌شداری كورد له كابینه‌ی نوێی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سكرتێری په‌رله‌مان ده‌ڵێ: "كورد ده‌نگی به كابینه‌كه نه‌داوه."
گوتیشی: "تێبینی جدیمان له‌سه‌ر كابینه‌ی عه‌بادی هه‌یه، به‌شداریكردنمان له‌و كابینه‌یه‌ش به نێوه‌ندگیری ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بووه، هه‌رچه‌نده من زۆر گه‌شبین نیم به حكومه‌تی عێراق چونكه ئه‌زموونی خراپمان له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی دیکە هه‌یه، به تایبه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران نوری مالیكی."
سكرتێری په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد کە به‌زۆر لكانی كورد به حكومه‌تی عێراقەوە درێژه ناكێشێ، چونكه بڕیاره‌كان جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌وه‌ش واده‌كا دواجار ببنه خاوه‌ن كیانی خۆیان. "ده‌بێ كار له‌سه‌ر ئه‌و كیانه بكه‌ین له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش."
جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه کە ئه‌و گهیشبین نییه به‌وه‌ی له عێراقدا كورد خۆشبه‌خت بێ و ده‌ڵێ: "زۆر گه‌شبین نیم بە به‌شداریكردنی ئه‌مجاره‌ی كورد له كابینه‌كه‌ی عه‌بادی، ئه‌و به‌شدارییه‌ش له ژێر فشاری ئه‌مریكییه‌كاندا بووه، ده‌كرێ له‌م كابینهیەوه كار بۆ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، چونكه له ئه‌نجامی حوكمڕانی خراپی نوری مالیكی له‌گه‌ڵ كورد و سونه حاڵه‌تی وه‌ك داعش دروستبووه. بۆیه ده‌كرێ كورد بیر له رێگەیه‌كی دیکە بكاته‌وه، خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان كۆده‌نگی نیشتمانیی دروستبووه، كاری زۆر بكه‌ین سه‌ربه‌خۆیی كوردستان رابگه‌یه‌نین."
سه‌باره‌ت به رۆڵی په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان له دانیشتنه‌كانی نێوان به‌غدا و ئه‌مریكییه‌كان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا، فه‌خره‌دین قادر گوتی: "له‌به‌رئه‌وه‌ی پڕۆژه یاسای ئه‌نجومه‌نی دانوستان ته‌واو نه‌بووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا و فشاری ئه‌مریكا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عێراق به‌په‌له بوو، بۆیه پێنج سه‌ركرده‌ی حزبه‌كان به‌شداری گفتوگۆكانیان كرد."
سه‌باره‌ت به هه‌مواركردنه‌وه‌ی پڕۆژه ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له بابه‌ته گرنگه‌كانی خولی گرێدانی دووه‌می په‌رله‌مان، ده‌بێ به هه‌موو لایه‌كمانه‌وه كاری جدی بۆ پرسی ده‌ستوور بكه‌ین، ئێستاش پڕۆژه‌یه‌ك ئاماده‌یه تێبینی لایه‌نه‌كانیشی له‌سه‌ره، به‌ڵام به‌راورد به چه‌ند ساڵی رابردوو بارودۆخی سیاسی و ره‌وشه‌كه به گشتیی جیاوازه."
گوتیشی: "له‌م خوله‌ی گرێداندا كاری جدی له‌سه‌ر پڕۆژه ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند بكرێ و میكانزیمی هه‌مواركردنه‌وه‌ی بۆ دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی دواجار بیخه‌ینه راپرسییەوە."
فه‌خره‌دین قادر باسی له‌وه‌شكرد نابێ به ده‌سته‌واژه‌ی گه‌ڕانه‌وه یان نه‌گه‌ڕانه‌وه ئاڵۆزی دروست بكرێ و گوتی: "چونكه پێشتر قسه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه زۆر كراوه. ئه‌وه‌ش ئاڵۆزی دروستكرد بۆیه ئێستا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ده‌بێ ئه‌م ده‌ستووره له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه گونجاوبێ و هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌نه ئه‌نجامێك كه هه‌رێمی كوردستان ببێته خاوه‌ن ده‌ستووری خۆی، چونكه ماوه‌ی 23 ساڵه هه‌رێمی كوردستان له ئه‌زموونێكی بێ ده‌ستووریدا ژیاوه."
news_share_descriptionsubscription_contact

