Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند كە حكوومەتی عێراق، خۆشحاڵ نییە بە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا بە كشانەوە لە بەغدا.
فوئاد حوسێن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە پێشهاتەكان لە عێراق دوا و رایگەیاند، حكوومەتی عێراق زنجیرەیەك رێوشوێنی بۆ پاراستنی نێردەكانی دیپلۆماتی گرتووەتەبەر و گوتی: "حكوومەتی عێراق، خۆشحاڵ نییە بە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا بە كشانەوە لە بەغدا".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای لە ئیدارەی ئەمریكا كرد كە چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە، بە تایبەتیش داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئاماژەیەكی هەڵە دەبێت بۆ گەلی عێراق.
فوئاد حوسێن گوتیشی: "مستەفا كازمی دید و بۆچوونی حكوومەتی عێراقی بەرامبەر بە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا خستووەتەڕوو و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەی وڵاتان سەبارەت بە مەترسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق لە پەیوەندی دایە، جگە لەوەیش لەگەڵ لایەنی ئەمریكا لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی بگۆڕێت".
راشیگەیاند "حكوومەتی عێراق جیددیە لەوەی لێكۆڵینەوە لە بەئامانجكردنی نێردەكانی دیپلۆمەتی بكات بە تایبەتیش كە هێرشكردنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی، بە واتای بەئامانجكردنی راستەوخۆی عێراقە".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئەوەشی گوت "گرژیی چەك لە عێراق دەبێتە هۆی سووتاندنی ناوچەكە و سەقامگیری رەوشی ئەمنی لە بەغدا پێویستی بە هەندێک كات دەبێت".
فوئاد حوسێن لە بەشێكی قسەكانییدا ئاماژەی بەوەیشدا كە بەپێی بەرژەوەندیی عێراق و دوورخستنەوەی توندوتیژی لە كۆمەڵگا، مامەڵە دەكەن و جەختیشی لەوە كردەوە کە ژمارەیەك كەس كە لە بەئامانجكردنی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق تێوەگلاون، دەستگیركراون.
ئاشكراشیكرد كە لە رێگەی كەناڵە جیاوازەكانەوە دەستكراوە بە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەكاندا، بەتایبەتیش كە گرژیی لەنێوان ئێران و ئەمریكا رەنگدانەوەی لەسەر رەوشی عێراق دەبێت و روونیكردەوە كە ئێران بەڵێنیداوە هەوڵی زیاتر بدات بۆ پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری عێراق.