ھەولێر - AA
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال رایگەیاند کە چەندین بەروبوومی کشتوکاڵی و خۆراکی لە وڵاتەکەیانەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت وەکو چا، بەھارات، دارچین، لاستیک و بەروبووم و بەرهەمی دیکەیش.
ئەحمەد جەلال لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی ھەردوولا، بازرگانی، پێدانی ڤیزا بەھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و سریلانکا.
- "لە ٢٠١٧ کۆنسولخانەی سریلانکا کراوەتەوە"
لەوبارەیەوە سەبارەت بە کردنەوەی کۆنسولخانەی کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال رایگەیاند "کۆنسولخانەی فەخری سریلانکا لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بەفەرمی و بە ئامادەبوونی باڵیۆزی سریلانکا لە بەغدا و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی چەندین باڵیۆزخانە و کۆنسولخانەی دیکە لە ھەرێمی کوردستان لە شاری ھەولێر کراوەتەوە، کارەکانی ئێمە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەردوو لایە".
ھەروەھا دەشڵێت "پەیوەندیی نێوان سریلانکا و ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی کۆنە، بەرلە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر ئەو پەیوەندییانە ھەبوون، بەڵام دوای کردنەوەی کۆنسولخانە پەیوەندییەکان باشتربوون، من وەکو نوێنەری ئەو وڵاتەم و پەیوەندیی نێوان ھەردوولا لە رووی ئابووری و بازرگانی و لایەنی گەشتیاری و لایەنی دیکەش بەرەو پێشەوە دەبەین و سریلانکا لە رووی بازرگانییەوە دەیەوێت چی جۆرە بەروبوومێکی کشتوکاڵی و خۆراکی ھەبێت بە کوالیتیی بەرز بیھێنێتە ھەرێمی کوردستانەوە".
- "٦٥ لەسەدی ئەو چایەی لە سریلانکاوە دەھێنرێتە عێراق بۆ ھەرێمی کوردستانە"
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئەو کاڵا و شمەکانەی لە سریلانکاوە بۆ ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "سریلانکا بەچەندین جۆرە بەروبوومی کشتوکاڵی و پیشەسازیی بەناوبانگە، بە نموونە ئەمڕۆ سریلانکا یەکەم وڵاتە کە عێراق زۆرترین چای لێوە ھاوردە دەکات، ھەروەھا لەو بڕە ھاوردەیەشی دەکرێت پشکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستانە، واتە ئەو چایەی ھاوردەدەکرێت لە سریلانکاوە رێژەی ٦٥ لەسەدی بۆ ھەرێمی کوردستانە و ٣٥ لەسەدی بۆ عێراق و ناوچەکانی دیکەیە، بەرھەمی چای سریلانکاش بەرھەمێکی بەکوالیتی و ناوبانگە".
ھەروەھا گوتی: "پەیوەندیی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری سریلانکا پەیوەندییەکی زۆر باشە، ھەرێمی کوردستان بۆ سریلانکا ھەرێمێکی گرنگە، پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە و ھەرێم بووە بە سەنتەرێکی باش بۆ سریلانکا، سریلانکا لە کشتوکاڵ و خۆراک بەرھەمی خۆی دەنێرێتە ھەرێم، بە نموونە چای سریلانکی زۆر بەناوبانگە لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا دارچین، بەھارات و لە پیشەسازیشیدا زۆر کارگەی گەورە لەو وڵاتە ھەن بۆ دروستکردنی لاستیک و تایە و چەندین شتی دیکەش، چەندین شمەکی دیکەش ھەن کە بەبڕی کەمتر دەگەنە ھەرێمی کوردستان. جگە لەوانەیش لە ھەرێمی کوردستان چوار ھەزار کرێکاری سریلانکی ھەن و کاردەکەن".
ئەحمەد جەلال زیاتر لەسەر پرسی بازرگانی وەستا و لەدرێژەی قسەکانیدا روونی دەکاتەوە "چەندین ساڵ عێراق وڵاتی سێیەم بوو بۆ ھاوردەکردنی چا، بەڵام بەپێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ سریلانکا بووە بە یەکەم وڵات کە زۆترین چا بنێرێتە عێراق، واتە بەرلە تورکیا و وڵاتانی دیکە کەوتووە، لەو بڕەی ھەناردەی عێراق دەکرێت ٦٥ لەسەدی بۆ ھەرێمی کوردستانە و ٣٥ لەسەدی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقە، ھەروەھا کەلوپەلی دیکەش لە سریلانکاوە دێنە ھەرێمی کوردستان، ساڵ بۆ ساڵیش ژمارەکان زیاد دەبن، بۆیە سریلانکا ئەمساڵ بەشداریی بەھێزی کرد لە پیشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر و باڵیۆز و کۆنسول و چەندین بەرپرسی دیکەش بەشداربوون، سریلانکا دەیەوێت کۆمپانیاکانی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و راستەوخۆ بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ئەو بازرگانییە لە رێگەی دراوسێیەکانی ھەرێمەوە نەبێت، بەڵکو راستەوخۆ لەگەڵ ھەرێم بێت، بۆیە ئەمساڵ وەزیری چا و ئەنجوومەنی چا سەردانی ھەرێمییان کرد".
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٨ەوە نزیکەی ٣٨ ملیۆن کیلۆگرام چا لە سریلانکاوە رەوانەی ھەرێمی کوردستان کراوە، بەشێکی ئەو بڕە بۆ چەند ناوچەیەکی عێراق چوون، ھەروەھا لە شوێنی دیکەی عێراقیشەوە چای سریلانکا دێنە ناوەوە.
- "شاندێکی بازرگانی ھەرێم دەچێتە سریلانکا"
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال ئەوەشی گوت کە لە کۆتایی ئەمساڵدا شاندێکی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی سریلانکا دەکەن دەڵێت "ھەروەھا سریلانکا میوە ھەناردەی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات، دارچین، بەھارات، ھەوڵ دەدرێت بازرگانیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زیاتربێت، بۆیە بڕیاردراوە شاندێکی گەورەی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان سەردانی سریلانکا بکەن و بزانن چۆن پەیوەندیی راستەوخۆ دروست بکەن و لە نزیکەوە ئاشنای بەرھەمەکانی ئەو وڵاتە ببن".
ئەحمەد جەلال لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێستا چەندین کۆمپانیای سریلانکا و کۆمپانیای ھەرێمی کوردستان بەھاوبەشی کار دەکەن و براند دروست دەکەن، ئەوەی کێشەیە ئەوەیە سریلانکا گلەیی لەوە ھەیە کۆمەڵێک چا لە ھەرێمی کوردستان ھەن کە بەناوی چای سریلانکی دەفرۆشرێت و ئەوە وانییە، واتە ساختەکاریی دەکرێت بەناوی وڵاتی سریلانکاوە و دەیانەوێت سکاڵا لە دادگە تۆماربکەن لەو بازرگانانە، چونکە سریلانکا نایەوێت بەھیچ شێوەیەک چای خراپ بەرھەم بھێنرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت".
ئەو گلەیی سریلانکاش دەگەیەنێتە بازرگانان و دەڵێت "ھەوڵی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی رکابەرایەتیکردنی چای سریلانکا دروست بکەن، بۆیە بۆن دەکەنە چای دیکەوە و تامی دەگۆڕن و ئەو شتانە بۆ ئەوەی وەکو چای سریلانکا باش بێت، بەڵام ھەر چای سریلانکا یەکەمە، ھەیە چا ساختە دەکەن و رەنگی دەکەن و بۆنی دەکەن بۆ ئەوەی ساغ بکرێنەوە، بەڵام ھێشتا ناگەن بە چای سریلانکا".
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال گوتیشی: "داواکارییمان لە بازرگانان ھەیە کە راستەوخۆ چا لە سریلانکا بھێنن، ئەمە چەندین جار لە ھاتنی بەرپرسانی سریلانکا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم یەکسەر باسی ئەم پرسە دەکرێت، سریلانکا گلەیی لەوە ھەیە چەندین جۆرە چای خراپ بەناوی چای سریلانکاوە دەفرۆشرێت، چەندین چا کە رەنگکراون و رەنگە مەترسیشی ھەبێت بەناوی سریلانکاوە دەفرۆشرێت".
- " لە میانی ٢٤ کاتژمێر ڤیزا دەدرێتە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان"
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال لەبارەی پرسی ڤیزاوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێمە ڤیزا دەدەین بەھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و لە میانی ٢٤ کاتژمێر ئەو ڤیزایە دەدردەچێت، نرخی ڤیزاش تەنھا ٣٥ دۆلارە، سریلانکا وڵاتێکی گەشتیاریی گرنگە، بەڵام ھۆکاری ئەوەی ھاووڵاتییانی هەرێم ناچنە ئەو وڵاتە بۆ گەشتیاریی ئەوەیە کە هێڵی ئاسمانی راستەوخۆ نییە، سریلانکا وڵاتێکی خۆش و خەرجییەکانی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بۆ گەشتیاری کەمە، ئێمە داوامان لە کۆمپانیای سریلانکان ئێرلانز کردووە کە گەشتی راستەوخۆ لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سریلانکا رێکبخات، بەڵام داوایکردووە لە ژمارەیەک بێت کە ژمارەکە دیاریکراوبێت و بەلانیکەم بۆ نموونە ھەفتانە یەک گەشت رێکبخرێت، ئەمە زۆر گرنگە ئەگەر رووبدات".
سەبارەت بە سریلانکاش کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال ھانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەدات بۆ گەشتیاری روو بکەنە وڵاتەکەی و لەوبارەیەوە گوتی: "سریلانکا دوورگەیەکە دەکەوێتە زەریای ھیندییەوە، دوورگەکانی ماڵدیف و ھیندستانی لێ نزیکە، سریلانکا زۆر شتی ھەیە کە لە وڵاتی دیکە نییە، ساڵانە دوو ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و شوێنی خۆش و سەرنج راکێشی تێدایە، کەشوھەوای لەبار و خۆشی ھەیە، ساڵ بە ساڵ گەشتوگوزار لەو وڵاتە بەرەو پێشەوە دەچێت، زۆر ئاسایش و زۆر ھەرزانە بەنیسبەت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت بچن بۆ گەشتیاری، ھەروەھا لە فڕۆکەخانەکان رێنمایی باشی گەشتیار دەکرێت و رێبەری گەشتیاری ھەیە و لە سریلانکا شتی سەرنج راکێشیش ھەیە، بە نموونە نۆ جۆر میوە ھەیە تەنھا لەوێ ھەیە و ناھێڵن دەربچێتە دەرەوە، خواردن لەوێ زیاتر ھی دەریایین، سریلانکا پلانی ھەیە تا ساڵی ٢٠٢٥ سەرمایەی خۆی چوار ھێندە زیاتر بکات و لە مانگی ١١ کە ھەڵبژاردن دەکرێت ئەو پلانە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و ئومێد دەکەین ئەو ھاووڵاتییانەی دەیانەوێت بچنە سریلانکا چییان پێویست بوو لە زانیاری و لە شتی دیکە ئێمە راستەوخۆ ئامادەیین ھاوکارییان بکەن، لەوێش ستافی ئێمە ھەن و ھاوکارییان دەبن".
- "چەند کارگەیەک لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێنین"
کۆنسولی فەخری کۆماری سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان، ئەحمەد جەلال لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە کاردەکەن بۆ دامەزراندنی چەند کارگەیەک لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو چایەی لەو وڵاتەوە دێتە ھەرێمی کوردستان راستەوخۆ بگات و رێگری بکەن لە ساختەکردن بەناوی چای سریلانکاوە و گوتی:
" باڵیۆزی سریلانکا و وەزارەتی بازرگانی کۆبوونەتەوە و سریلانکا دەیانەوێت چەند کارگەیەک بۆ پۆکەتین دابمەزرێنرێت بە مەبەستی ئەوەی ئەو چایەی لە سریلانکاوە دێتە ھەرێمی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان بخرێتە نێو پاکەتەوە و ئەمەش چەندین ھەلی کاریش دەڕەخسێنێت، ئێمە دەمانەوێت چای سریلانکا راستەوخۆ بگاتە ھەرێمی کوردستان و راستەوخۆ بخرێتە بەردەستی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان نەوەک بچێتە شوێنی دیکە و بە چای دیکە تێکەڵ بکرێن".
news_share_descriptionsubscription_contact

