Zana Natık Kerem
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە بەشداریکردنی ھەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لووتکەی سێقۆڵی نێوان ھەر سێ وڵات لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە کە بەستنی لووتکەکە، تەواوکەری ئەو دوو لووتکە سێقۆڵییەیە کە لە ماوەکانی رابردوودا لە میسر و ئوردن بەڕێوەچوون و ئامانج لێی جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو رێککەوتننامانەیە کە لە ماوەکانی رابردوودا لەنێوان ھەرسێ وڵاتدا واژووکراون.
بەپێی زانیارییەکان لە لووتکە سێقۆڵییەکەدا، سەبارەت بە پڕۆژەی ھاوبەشی نێوان عێراق، میسر و ئوردن (رۆژھەڵاتی نوێ) و ھاریکارییەکانی نێوان ھەر سێ وڵات لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی و وەبەرھێنان گفتوگۆدەکرێت.
بڕیاربوو لووتکەی سێقۆڵی لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن لە ١٤ی ئاداری رابردوودا لە بەغدا ئەنجام بدرایە، بەڵام بەھۆی رووداوەکەی شاری سوھاج ناوەڕاستی میسر کە بەھۆی بەریەککەوتنی دوو شەفەندەفەرەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی ئەو وڵاتە بوونە قوربانی دواخرا و هەروەها لە مانگی نیسانی رابردووشدا، بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.