Zana Natık Kerem
13 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند "ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ھەڵبژاردن کراوە، وەکو پێداویستییەکانی بوودجە، رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی و ئەمنیی پارێزراو"، ھاوکات سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق'یش دەڵێت، لە میانی ئەم ھەفتەیە یان سەرەتای ھەفتەی داھاتوودا، گفتوگۆکان لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن.
جووتیار عادل لەبارەی ئامادەکارییەکانی حکوومەت بۆ ھەڵبژاردن بە پێگەی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی رایگەیاندووە "ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ھەڵبژاردن کراوە، وەکو پێداویستییەکانی بوودجە، رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی و ئەمنیی پارێزراو".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پشتگیریی دارایی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن گوتوویەتی: "حکوومەت ئامادەیە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە بکات و ھەر پێویستییەک ھەبێت لەڕووی لۆجستی و دارایییەوە پشتگیریی دەکات".
جووتیار عادل راشیگەیاندووە "دوای دەست نیشان کردنی رۆژی ھەڵبژاردن، رێوشوێنەکانی دیکە دەگیرێنەبەر".
ھەرلەوبارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە لێدوانیکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە لە میانی ئەم ھەفتەیە یان سەرەتای ھەفتەی داھاتوودا، گفتوگۆکان لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن و گوتی: "لایەنە سیاسییەکان تاڕادەیەک گەیشتوونەتە رێککەوتن و ھیوادارم ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت".
بڕیاربوو لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی کارانەکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی و رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردن، نەتوانرا پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا بڕیاری درێژکردنەوەکەی تەمەنی خۆی پەسەند کرد و بەم پێیەش کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت، چاوەڕان دەکرێت پێش ئەم وادەیە لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن و ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.