واشنتۆن
سكرتێری گشتی ناتۆ یەنس ستۆلتەنبەرگ لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ واشینتۆنی پایتەختی ئەمریكا لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی نێودەوڵەتیدا بەشداری كۆنفرانسێكی كرد و گوتی: "بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ئەورووپا و ئاتلانتیك لە خاڵێكی گرنگی وەرچەرخانداین و رووبەڕووی هەڕەشەی زۆر گەورە بووینەتەوە و ئەمن و ئاسایشمان لە مەترسیدایە".
ستۆلتەنبەرگ گوتی: "بەهاری عەرەبی گۆڕاوە و بووە بە زستانێكی توندوتیژ، ئەو وڵاتانەی كە ناسەركەوتوو و لاوازن ئارامی ناوچەكەیان تێكداوە، شەڕی تایفی دەستی پێكردووە و رێكخراوەکانی تیرۆریستی وەك داعش لە ناوچەكەدا دەستیان بە پەیڕەو كردنی تیرۆر كردووە و بەشێكی زۆری دانیشتوانی ناوچەكە دەیانەوێت ناوچەكە چۆڵ بكەن و بەشێكی دیكەیان بژاردەی شەڕیان داوەتە بەرخۆیان بۆیە ئەو هەڕەشەیە كە لە باشوورەوە دێت زۆر جیاواز و پڕرەنگە".
ستۆلتەنبەرگ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "ئەو هەڕەشانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە دیار و بەرچاون و لە رووسیاوە دێن، مۆسكۆ لە رێگای نایاساییەوە كیریمیای بە خۆیەوە بەستووە و رووسیا بەردەوامە لەسەر ئەو هەنگاوانەی كە رەوشی ئوكراینا ئاڵۆزتر دەكەن و ئەمەیش دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی ئەورووپا بۆ شەڕی چەكداری".
ستۆلتەنبەرگ لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "ئێمە پشتگیری لە هەوڵەكانی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی ئوكراینا دەكەین و تاقە رێگای ئاشتی لە ناوچەكەدا جێبەجێكردنی بەبێ شەرت و مەرجی رێككەوتننامەی مینسكە بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەكەم ئەو رێگایە هەڵبژێرن و لەو چوارچێوەیەیشدا بەرپرسیاری تایبەتی رووسیا هەیە، رووسیا لە هەر روویەكەوە پشتگیری و هاوكاری چەكدارانی جوداخواز لە رۆژهەڵاتی ئوكراینا دەكات".
ستۆلتەنبەرگ گوتی: "لەم كاتەدا كە من قسە دەكەم رووسیا بە 250 فڕۆكەی جەنگی و 700 سەرباز بە چەكی قورس سەرقاڵی ئەنجامدانی مانوڕی سەربازییە و لێدوان و هەڕەشەكانی رووسیا لە بارەی چەكی كیمیاییشەوە جێگای نیگەرانی ئێمەن و قابیلی قبووڵ نین".
ستۆلتەنبەرگ گوتی: "فڕۆكەکانی جەنگی رووسیا كە بۆمبی ئەتۆمییان پێیە لەسەر ئاسمانی جیهان دەسووڕێنەوە و رووسیا لە ناوچەی كالیننینگراد سەرقاڵی دامەزراندنی ناوەندێكە بۆ دروست كردنی سیستەمی بەرگری مووشەكی ئەتۆمی و ئەمەیش دەبێتە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی ئەمنی لە ئەورووپا. هەڕەشەكانی رووسیا بۆ شەڕی ئەتۆمی قابیلی قبووڵ نین، ئەو هەڕەشانە مەترسین بۆ سەر ئەمن و ئارامی و ئێمە لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی رووسیا نیگەرانین و ئەگەر بێت و ئەو ئەگەرانە جێبەجێ بكرێن و ئەوا دەرئەنجامی زۆر گەورەیان لێ دەكەوێتەوە".