غەززە
جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە بانگھێشتی بۆ میسر کرد بۆ ئەوەی بە بەردەوامی دەرگای سنووری رەفح بە کراوەیی جێبھێلێت.
ھاوکات لەگەڵ کرانەوەی دەروازەی سنووریی رەفەح بەشێوەیەکی تاکلایانانە لەلایەن میسر، ھەردوو بەرپرسی باڵای حەماس، موسا ئەبو مەرزوق و عیماد ئەلعالەمی گەیشتنە غەززە و لەلایەن ھەنییە و ئەندامی نووسینگەی سیاسی حەماس پێشوازی لێکران.
لە کاتی پێشوازیکردنە ھەنییە گوتی: "دەروازەی سنووریی رەفەح نەک بەمەبەستی ئاسایش پێویستە بۆ بابەتی سیاسی و مرۆڤایەتی بە کراوەی بمێنێتەوە، رەفح تاکە دەرگای غەزەییە بە رووی جیھان".
ھەنییە داواشی کرد کە بە ھەمیشەیی دەروازەی سنووریی رەفەح بکرێتەوە و لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "ئاسایشی میسر بەشێکە لە ئاسایشی ئێمە".
عیماد ئەلعالەمی رایگەیاند کە تاکە بژاردەی ستراتیژی بۆ رزگاری فەڵەستین بەرخۆدانە ھاوکات لە دوای ئەوەی عالەمی لە ھێرشێکی ساڵی پار بریندار بوو، بەمەبەستی چارەسەکردن سەردانی تورکیای کرد و بەم ھۆیەوەش سوپاسی خۆی بەم وڵاتە راگەیاند.