Muhammet Ali Kemal
28 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2017
بڕۆکسل- AA
سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام کە بڕیارە لە بارەگای ناتۆ لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەبچێت، روونکردنەوەی دایە رۆژنامەوانان.
یەنس ستۆلتنبێرگ سەبارەت بەو بابەتە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن ئاشکرای کرد، بابەتەکان بریتی دەبن لە هەریەک لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی ئەفغانستان و عێراق، دابەشکردنی خەرجییەکانی بەرگریی، هاریکاریی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا و رەوشی ئەمنی لە دەریای بەڵتیک.
یەنس ستۆلتنبێرگ تیشکی خستەسەر ئەوەی پێویستە وڵاتانی ئەندام، بوودجەی بەرگریی ناتۆ زیادبکەن و گوتی:
''دوای ئەو داکشانەی کە چەندین ساڵ بەردەوام بوو لە ساڵی ٢٠١٥دا، هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ناتۆ و کەنەداش، ئاستی بوودجەی بەرگرییان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کرد. ئەمە لە ٢٠١٦شدا بەردەوام بوو، پیشبینی ئەوە دەکەین کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە رێژەی لەسەدا ٤،٣ ئەو رێژەیە بەرزبێتەوە. بەو شێوەیەش ساڵی ٢٠١٧ دەبێتە سێیەمین ساڵی لەسەریەک کە تێیدا وڵاتانی ئەندام بوودجەی بەرگریی بەرزدەکەنەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هاوپەیمانە ئەورووپییەکان و کەنەدا بڕی نزیکەی ٤٦ ملیار دۆلاریان بۆ بوودجەی بەرگریی زیادکردووە''.
سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ ئاشکرای کرد، وڵاتانی ئەندام دەستیان بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان سەبارەت بە زیادکردنی خەرجیی بەرگریی کردووە و بەوشێوەیەش لە ساڵی ٢٠١٥ەوە خەرجییەکانیان زیادیکردووە.
یەنس ستۆلتنبێرگ بە پێویستی زانی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانیان ئەمە بۆ خۆشحاڵکردنی ئەمریکا نا بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەنجامبدەن و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە بەڵێنی پەیوەست بە خەرجییەکانی بەرگریی لە لایەن خودی وڵاتانی ئەورووپاوە دراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد سبەی تاوتوێی بەرەنگاریی تیرۆریش لە لایەن ناتۆوە دەکەن و گوتی: ''لە ئێستادا یەکەی نوێی هەواڵگریی لە بارەگای سەرەکی ناتۆ، ئامادەی کارکردنە و لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هۆبەیەکی تێکەڵ لە یەکەکەدا و خانەیەکی هەواڵگریی دژبە تیرۆر دەستبەکاربوون''.