Cemal Sargati
27 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2017
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "خۆ ناونووسكردن بۆ ناو ریزەکانی حەشدی شەعبی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، ئەم ناو نووسكردنە لە كەركووك و خورماتوو دەستی پێكرد، دواتر گەیشتە گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی. لە ئێستاشدا خەڵكی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان خۆیان ناونووس دەكەن بۆ ئەوەی بچنە ریزەكانی حەشدی شەعبیەوە".
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رەخنەی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرت لە زیادبوونی چوونی هاووڵاتییان بۆ ناو ریزەكانی حەشدی شەعبی و گوتی: "دەسەڵاتی كوردی هیچ پلانێكی نییە بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەوەی گەنجان بێ كارن و هۆكارێك نییە كە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن، هەروەها هۆكارێك نییە تاوەكو بژێوی ژیانیان دابین بكەن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ریزەكانی حەشدی شەعبی".
رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی گوت "حەشدی شەعبی سوود لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وەردەگرێت و دەزانێت كە كەسانێكی زۆر و گەنجانێكی زۆر بێكارن، ئەویش لە رێگەی كۆمەڵێك خەڵكەوە كاری ناونووسین بۆ ناو ریزەكانیان ئەنجام دەدات، هەروەها پلە و پۆستیان پێ دەدات تاوەكو خەڵكانێكی زۆر بەلای خۆیاندا رابكێشن".
عەبدولعەزیز مەترسی خۆی نیشان دا لەسەر داهاتووی ئەو هێزە و بوونی كورد لەو هێزەدا و گوتی: "ئەم كارە كارێكی خەتەرناكە و لە داهاتوودا ئەو گەنجانەی كە خۆیان ناونووس كردووە بۆ ناو ریزەكانی حەشدی شەعبی، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەكاردەهێنرێنەوە دژبە كورد و كوردستان".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەو كەسانەی كە كوردن و دەچنە ریزەكانی حەشدی شەعبیەوە لە رووی سیاسی و ئەمنیەوە كاریگەری تەواویان دەبێت، لەوەی پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی عێراقدا لاواز دەبێت و لە داهاتوودا لە رووی ئەمنیەوە دەبێتە گرفتێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان".
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لەبارەی دۆخی شنگال و بوونی چەكدارانی پەكەكە لەو ناوچەیە، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، گوتی: "كێشەی شنگال كێشەیەكی زۆر ئاڵۆزە، حكوومەتی عێراق و ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتوەكانیش رازی نین كە كێشەی شنگال ئەوەندەی تر ئاڵۆز بكرێت، هەروەها سەرجەم هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمریكا لەسەر ئەوە كۆكن كە نابێت پەكەكە كێشەی شنگال ئاڵۆزتر بكات و دەستێوەردان بكات لە قەزاكەدا. پەكەكە بەشێكە لە كێشەكانی شنگال".