Azat Muhammet
27 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2017
سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دهۆک، ئەیاد حەسەن عەبدولکەریم رایگەیاند: "لە کێبڕکێى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و بەهێزکردنى پەپوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان، تورکیا لە رێگەى کۆمپانیاکانى بەپێس وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکا کەوتووە، لە ئێستاشدا زیاتر ٩٠ لە سەدى کۆمپانیا بارزگانى و پیشەسازىییەکانی تورکیا لە هەرێمى کوردستان و بە تایبەت لە پارێزگاى دهۆکن".
سەرۆکى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى دهۆک، ئەیاد حەسەن عەبدولکەریم لە چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانى تورکیا و هەرێمى کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى ١٩٩١، هەر لەو سەردەمەوە پەرە بە پەیوەندییەکان درا تا گەیشتە ئەو رادەیەى ساڵانە بڕى ١٢ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بێتە ئاراوە، هەرچەند لە بەرنامەى حکوومەتى هەرێمدا بوو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان زیاتر بکرێن تا دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، بەڵام بە هۆى شەڕى تیرۆریستانى داعش و بڕێنى بوودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدا لە هەمان کاتیشدا دابەزینى نرخى نەوت. زیانى زۆرى بە ئابوورى هەرێمى کوردستان گەیاند و رێژەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و پیشەسازى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بۆ ٧٠ لە سەد کەمکردەوە بەمەش لە ئێستادا بڕی خەملێندراوی ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان بۆ هەر ساڵێک کەمترە لە ٦ ملیار دۆلار".
گوتیشى: "بە بەرزکردنەوەى رێژەى ئاڵوگۆڕى بارزگانى، پیشەسازى، گەشتیارى و کەرتەکانى دیکەى گشتى و تایبەت لە بەرنامەى تورکیا و هەرێمى کوردستاندایە جگە لە هەردوو دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل و دەروازەى سەرزێڕ، سێ دەروازەى دیکەى سنوورى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بکەنەوە بەمەش هەم رێژەى بازرگانى نێوان هەردوولا بەرز دەکاتەوە و هەمیش پەیوەندییە ئابورییەکانى نێوان هەردوولا بەهێزتر دەبێت، یەکێک لە دەروازەکان بەناوى شیناڤا و یەکێکى دیکەیش پردێک دەبێت کە لە نزیک دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل دروست دەکرێت و دەروازەى سێیەمیش تا ئێستا ناوەکەى بەتەواوى یەکلایی نەبووەتەوە، کۆبوونەوەکانیش بەردەوامن و لێکتێگەیشتنێکى باشیش لە نێوان هەردوولا هەیە لەسەر ئەو پرسە".
ئەیاد حەسەن گوتیشی: "وێڕاى کێشەى بوونى پەکەکە لەنزیک سنوورەکانى دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل، بەڵام تورکیا و هەرێمى کوردستان زاڵبوونە بەسەر ئەم کێشانە و بەهیچ شێوەیەک سڵیان لەوە نەکردووەتەوە کە بە هۆى پەکەکە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان تێکبچێت، خاڵێکى دیکەى ئەرێنى ئەوەیە کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاسایشى ناوچەکەى پاراستووە و ئەمەیش متمانەیەکى گەروەى بۆ کۆمپانیاکانى بیانى بە تایبەت کۆمپانیا تورکییەکان دروست کردووە، هەموو لایەکمان لەو باوەڕەداین کە تورکیا وێستگەیەکى گرنگە بۆ ئابووری هەرێمى کوردستان".
- "دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، ئابوورى هەرێم دەبوژێتەوە"
سەرۆکى ژوورى بارزگانى و پیشەسازى دهۆک، ئەیاد حەسەن دەڵێت: "دواى کەوتنى شارەکانى ئەنبار، رومادى و مووسڵ زیانى زۆر بە پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و عێراق کەوت، بۆیە دواى ئەوەى تەواوى پارێزگاى نەینەوا لە چنگ تیرۆریستانى داعش کۆنتڕۆڵکرایەوە جمجۆڵى بارزگانى دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق، هەرچەند تا ئێستا بەشێکى زۆرى شارى مووسڵ کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام بەهۆى نا سەقامگیرى رەوشی شارەکە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست جموجۆلى بارزگانى و ئاڵوگۆڕى کەلوپەل بکرێت لە نێوان پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى نەینەوا، هەرکاتێک هەڕەشەى داعش نەما و ناوچەکە پارێزراو بوو بێگومان ئاڵوگۆڕی بازرگانی گەورە لە نێوان پارێزگاى هەولێر و دهۆک لەگەڵ پارێزگاى نەینەوا دێتە ئاراوە، گرنگی پارێزگاى نەینەوا بۆ هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە بازاڕەکانى مووسڵ بازاڕى بەکاربەرن".
دەشڵێت: "دهۆک دەروازەى ئاوەدانکردنەوەى پارێزگاى نەینەوا دەبێت، چونکە پردى پێکەوە بەستنەوەى مووسڵە بە تورکیا و تورکیا بە ئەورووپا، ئەمەیش دەبێتە هۆى ئەوەى کۆمپانیاکان لە رێگەى پارێزگاى دهۆکەوە کار لەسەر دووبارە بونیاتنانەوەى پارێزگاى نەینەوا بکەن، چاوەڕوانکراویشە کە زۆرینەى کۆمپانیاکان روو لە پارێزگاى دهۆک دەکەن بە مەبەستى کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەى شارى مووسڵ دواى نەمانى داعش".
- "٩٠% کۆمپانیاکانى دهۆک، کۆمپانیاى تورکین"
سەرۆکى ژووى بارزگانى و پیشەسازى دهۆک، ئەیاد حەسەن ئاماژەى بە ژمارەى کۆمپانیاکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک دا و گوتى: "لە سەرتاسەرى پارێزگاى دهۆک زیاتر لە ٣ هەزار کۆمپانیا هەن لە بوارەکانى ئابوورى، بازرگانى، گەشتیارى، گواستنەوە، پیشەسازى و کشتوکاڵى کار دەکەن، لەو ژمارەیە ٣٠٠ کۆمپانیایان بیانیین، ٩٠ لە سەدى کۆمپانیا بیانییەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک کۆمپانیاى تورکین کە ژمارەیان ٢٨٠ کۆمپانیایە کە لە چەندین بوارى جیا جیا خزمەتیان بە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى دهۆک بە تایبەتى گەیاندووە، هەر لەم پارێزگایەدا زیاتر لە ٨ هەزار بازرگان لە ناوخۆ و دەروەى هەرێمى کوردستان کاری بارزکانى دەکەن".
ئەیاد حەسەن باس لە سەرکەوتنى کارى کۆمپانیاکانى تورکی دەکات و پێیوایە "کارەکانیان جێگەى رەزامەندى هەموو لایەک بووە" و لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە ئێستادا ئەو کۆمپانیایانە بوونەتە جێگەى متمانە بە ئابوورى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا، هەرچەند بەهۆى قەیرانى دارایی و شەڕى داعش ژمارەیەک کۆمپانیا کارەکانیان وەستاوندووە، بەلام ئەوانیش چاوەڕوانن کە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و داعش نەمێنێت، تاوەکو دەست بە کارەکانیان بکەنەوە. ئەوانەى ئێستا کار دەکەن جێگەى رەزامەندى هاووڵاتییانن هەم لە رووى نرخ کە گونجاوە، هەم کواڵیتى کارەکان بە باش وەسف دەکەن، هەروەها تورکیا لە رێگەى کۆمپانیاکانى چەندین پڕۆژەى ئاو و کارەباى لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دروست کردووە".
- "داوا لە حکوومەتى تورکیا دەکەین ڤێزە بکاتە سیستەمى ئەلیکترۆنى"
سەرۆکى ژووى بارزگانى و پیشەسازى دهۆک بە ناوى زیاتر لە ٨ هەزار بازرگان داوا لە حکوومەتى تورکیا دەکات کە ئاسانکارى بکات لە پێدانى ڤیزە بە بارزگانان و هاووڵاتییان، دەڵێت: "ئەو کاتەى پێدانى ڤیزە سیستەمى ئەلیکترۆنى بوو کارەکانمان زۆر ئاسان بوو، جموجۆڵ زۆر زیاتر بوو، بەڵام دواى ئەوەى سیستەمى ئەلیکترۆنى هەڵگیرا کارەکانمان بە گشتى ئەستەم بووە، بۆیە هیوادارین تورکیا کارئاسانیمان بۆ بکات.. بەهۆى نەبوونى سیستەمى ئەلیکترۆنى ڤیزە چەندین جار هەبووە هەفتەیەک تا دوو هەفتە لە چاوەڕوانى ماوینەتەوە".
لە کۆتاییدا ئاماژەى بەوەدا کە لە بەرنامەى ژوورى بارزگانى و پشەسازى دهۆک دایە لە ئاییندەکى نزیکدا ١٠٠ کۆمپانیاى دیکەى تورکى لەگەڵ کۆمپانیاى ناوخۆیی کۆنفرانسێک ئەنجام دەدەن بۆ ئەنجامدانى کارى هاوبەش لە سنوورى پارێزگاى دهۆک.