Hemn Baban
28 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2019
ھەولێر - AA
نۆ کەس بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم سی ڤی-یان پێشکەش بە پەرلەمان کردبوو، تەنھا پێنجیان دەنگیان بۆ درا کە جگە لە نێچیرڤان بارزانی چوار کاندیدەکەی دیکە ھیچ دەنگێکیان بەدەست نەھێنا.
لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ژمارە شەشی خولی بەھارەی ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی ھەڵبژاردن کە تایبەت بوو بە دەنگدان بە کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە ٦٨ دەنگ بوو بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا کە نزیکەی نیو کاتژمێر لە وادەی راگەیەندراوی خۆی بەپێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە کاتژمێر ١١ بوو کۆبوونەوەکە دواکەوت، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێشتا خۆی یەکلایی نەکردبوویەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات یان نا.
دواتر کۆبوونەوەکە بەڕێوەچوو، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٢ کورسی و فراکسیۆنی نەوەی نوێ ھەشت کورسی ھەریەکە و بە پاساوی جیاجیا کۆبوونەوەکەیان بایکۆتکرد، ھەرچی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامییە کە خاوەنی حەوت کورسییە و فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کە پێنج کورسیی ھەیە دەنگیان بە ھیچ کاندیدێک بۆ سەرۆکی ھەرێم نەدا سەرباری بەشدارییکردنیان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا.
بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان تایبەتبوو بە خستنەڕوو و ھەڵبژاردنی پاڵێوراوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم بەپێی حوکمی خاڵی (٥ و ٦)ی بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (٤) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩، (یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان-عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستوور).
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڤالا فەرید ئیبراھیم لە روونکردنەوەیەکدا لە دەستپێکی کردنەوەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند "بەپێی رێککارە یاساییەکان و لە چوارچێوەی حوکمەکانی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ و یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان-عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستوور، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی وێبسایتی فەرمیی پەرلەمانی کوردستانەوە رێککارەکانی خۆ کاندیدکردنی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راگەیاند".
ھەروەھا راشیگەیاند "دوای وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان کە ٩ کاندید (سی ڤی)یان پێشکەش کردبوو، سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ناوی (٥) کاندیدی پەسندکرد و دواتریش لەو چوار کاندیدەی کە رەتکرابوونەوە دووانیان لە رێگەی دادگای تەمییزەوە تانەیان لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان گرتبوو، دوای پێداچوونەوەی تانەکان، دادگای تەمییزی ھەرێم بڕیارەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە راست و دروست و یاسایی وەسفکرد".
لەنێو کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە بریتیی بوون لەمانەی خوارەوە نێچیرڤان بارزانی توانی ٦٨ دەنگ لە کۆی ٨١ پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە بەدەست بھێنێت:
- نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی.
- ئومێد عەبدولسەلام قادر.
- محەمەد حەمە ساڵح عومەر.
- رێبوار عەزیز مستەفا.
- ھیوا عەبدوڵڵا خدر.