Hemn Baban
03 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
راوێژکار لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، عەدالەت عومەر لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بە ھۆی رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە رێژەی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کەمبووەتەوە و ئاوارەبوونی ئەوان کە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار بوون وایکردووە رێژەی کورد لەو ناوچانە کەم ببێتەوە، ئەمەش بە مەترسییەک بۆسەر ئایندەی کوردستان لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خاک و خاوەندارێتی و گێڕانەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەزانێت و بەو ھۆیەوە پێی وایە نابێت بەو بارودۆخەوە ھەرێمی کوردستان بەشداریی ئەو سەرژمێرییە بکات کە بڕیارە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بەپێی قسەکانی سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی بڕیاری لێ دابوو.
دەقی ھەفپەیڤینەکەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ راوێژکار لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، عەدالەت عومەر:
ئاژانسی ئانادۆڵو: سەرژمێریی ٢٠٢٠ی دانیشتوانی عێراق ھەندێک وای بۆ دەچن بابەتێکی تەواو سیاسییە و ئەجێندای پشت پەردەی ھەیە، ھەندێکیش بەتایبەت پسپۆڕانی ئامار دڵنیایی دەدەن لەوەی بەتەنھا بابەتێکی ئاماریی گرنگە، بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە؟
عەدالەت عومەر: سەرژمێری شتێکی زۆر باشە لەھەر وڵاتێک ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو کێشە و گرفتانەی ھەیە دیاری بکرێن و ئەو کەسانەی لەسەر ئەو خاکە دەژین دیاری بکرێن لە رووی رەگەز و تەمەن و ئایین و بیروباوەر، خوێندەواری و نەخوێندەواری، رێژەی ھەژاری، دەوڵەمەندی، بۆ ئەوەی بتواندرێت وڵات بە پلان بەرەو پێشەوە ببەیت و گەشەسەندنی زیاتر بەخۆوە ببینێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت کە لەدوای ساڵی ١٩٢١ کە عێراقی تیادا دامەزراوە و ھەر دە ساڵێک سەرژمێریی کراوە و لە یەکەم سەرژمێریی کە لە ١٩٢٦ەوە کراوە ھیچی بۆ پێشکەوتن و بەرنامە داڕشتن نەبووە لە عێراق، بەڵکو بۆ مەبەستی سیاسیی بووە، بەتایبەت ئەو تاوان و جینۆسایدانەی بەرامبەر بە کورد کراوە ھەمووی لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییانە بووە، بەتایبەت ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٧ کە دوای ئەوە کردەوەی ئەنفال ئەنجامدرا و لە ساڵی ١٩٩٧یش کە سەرژمێریی کرا بەھیچ شێوەیەک ھەرێمی کوردستانی تیادا نەبوو.
بڕیاربوو لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و بەدیاریکراوی لە ساڵی ٢٠٠٧ سەرژمێری بکرێت کەچی نەکرا و لە ساڵی ٢٠١٧ش بڕیار بوو بکرێت دیسانەوە نەکرا، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی کوردێکی زۆر رەوانەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کراون و بۆ ئەو مەبەستە نەیانکرد، دوای شەڕی داعش و ئاوارەبوونی ئەو ھەموو خەڵکە بۆ کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان یان دەرەوەی وڵات وایکردووە کورد لەو ناوچانە کەم بێتەوە، ھەروەھا مەسەلەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو شتانەی لێی کەوتەوە کە رێژەی کورد لەو ناوچانە کەمبووەتەوە و ئەوە وا دەکات سەرژمێریی ٢٠٢٠ ئەگەر بکرێت، ئەوا رێژەی کورد کەم دەبێت و ئەگەر ئەوە سەربگرێت، ئەوا دەبێتە پێوانەیەک بۆ ئەوەی تا ١٠ ساڵی دیکە عێراق لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ کورد بکات چی لە رووی سیاسی بێت یان بوودجە بێت یان گەڕانەوەی خاک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بۆ ژێر دەستی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە پێمان وایە زەرەرمەندی یەکەم لەو سەرژمێرییە بەتایبەت لەو ناوچانە کورد دەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچی کێشە و تێبینیتان لەسەر کاتی سەرژمێرییەکە ھەیە؟
عەدالەت عومەر: لەبەر ئەوەی چۆن ئەوان گلەییان لەوەھەبوو لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق تا ریفراندۆمی ٢٠١٧ عێراق رازی نەبوو سەرژمێری بکرێت بەتایبەت لەو ناوچانە، چونکە یەکێک لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ سەرژمێریکردنە، ئەوان رازی نەبوون بکرێت بەھیچ شێوەیەک چونکە دەیانزانی ئەگەر سەرژمێری بکرێت ئەوا رێژەی کورد لەو ناوچانە زۆر دەبێت و ناچارن ناوچەکان بگەڕێننەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەی ئێستا ئێمە بۆچی رازی بیین بەوەی سەرژمێری بکرێت و ئەو ناوچانە لە دەستی ھەرێمی کوردستان دەربھێنن، بەتایبەت ئێستا کێشە و گرفتێکی زۆر ھەیە و خەڵکێکی زۆر لەو ناوچانە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و بەتایبەت دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاوارەبوون و رۆژانە خەڵک...