Sarmand Hameed
06 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەددین بەھائەددین داکۆکییان لە پێویستی و گرنگیی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پیرۆزباییی بیست و حەوتەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتووی لە سەڵاحەددین بەھائەددین و سەرکردایەتی و ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی لە کاروانی خزمەت و خەباتی یەکگرتووی ئیسلامی و کرد و جەختی لە رۆڵی دیار و بەرچاوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەک لایەنێکی گرنگ لە پرۆسەی سیاسی و لە ژیانی پەرلەمانیدا لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.
لای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەددین بەھائەددین، سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەیوەندی و پیرۆزبایییان لە یادی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا کرد و ھەردوولا داکۆکییان لە پێویستی و گرنگیی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.