Heman Hussein Yaseen
20 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2024
ھەولێر - AA
لە میانی بەشدارییکردنی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەماندا، سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ھەروەھا لە بارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا ڕایگەیاند کە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێک کردووە بە تایبەت ئەو دۆخەی کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، داوای لە ھاووڵاتییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و پەیڕەوی ئەو مافە سرووشتییەی خۆیان بکەن.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "خۆشحاڵم بەوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن سەرەڕای ھەندێک شتی زۆر بچووک، بەڵام بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو، ھیوادارم ئەمڕۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان بکەن بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرانیان و ناردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەمە شەرعیەتدانە بە دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "ھەرێم وەکو دامەزراوەیەک بەشێکە لە عێراقی فێدڕاڵی، سیاسەتی ھەرێم ئەوەیە کە لەم چوارچێوەیەدا کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا بەشێوەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکات، بە تایبەت دوای پێکھێنانی ئەم کابینەیە، چونکە ھەرێم خوازیاری جێبەجێکردنی دەستوورە و کلیلی سەقامگیریی لە عێراق ئەوەیە کە کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان، ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ تورکیادا ھەیە، سەردانەکەمان لە چوارچێوەی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بوو، کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان ھەبوو، ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە عێراق و ناوچەکە ھەبوو گفتوگۆمان لەبارەیەوە کرد لە ڕووی ئابووری و ئەمنی و ئەو دۆخەی کە لەناوچەکە دەگوزەرێت بە دوور و درێژی باسمان لە پێشھاتەکان کرد".