Hemin Othman Mohammed
20 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2024
سلێمانی - AA
سەرۆکی بەرەی گەل، لاهور شێخ جەنگی لە بنکەی مەشخەڵان دەنگی دا.
لە دوای کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، سەرۆکی پارت و لیستەکان هاوشان لەگەڵ هاووڵاتیاندا چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
سەرۆکی بەرەی گەل، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ خێزانەکەی لە بنکەی مەشخەڵان دەنگی دا و، پەیامێکیشی ئاڕاستەی دەنگدەران کرد.
لە پەیامەکەیدا لاهور شێخ جەنگی داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەمڕۆ وەک جەژن ببینن.
لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست دەکات.
بۆ یەکەمجارە ئەم خوولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بە سیستمی چوار بازنەیی و ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت و، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق سەرپەرشتی دەکات.
بەگوێرەی سیستمی هەڵبژاردنەکە، هەرێم بە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش کراوە، پارێزگای سلێمانی ٣٨ کورسی بۆ تەرخانکراوە کە دوو کورسیان بۆ پێکھاتەکانە؛ یەک بۆ تورکمان و یەک بۆ کریستیان.
لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراقدا، دوو ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ٦٨٣ ھەزار و ٦١٨ کەس دەنگدەری گشتیین و ئەمڕۆ دەنگ دەدەن و، ٢١٥ ھەزار و ٩٦٠ کەسیشیان دەنگدەری تایبەتن کە ڕۆژی هەینی دەنگیان دا.
ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٧:٠٠ بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی هەرێمدا کرایەوە و، دەنگدەران دەتوانن تا کاتژمێر١٨:٠٠ دەنگ بدەن، کۆميسیۆنیش بڵاویکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک وادەی دەنگدان درێژ ناکرێتەوە.