hamza mansur
30 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2016
بەرپرسانی ئەمنی عێراق رایانگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی عێراق بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و عێراق، لە سێ میحوەرەوە دەستیان كرد بە هێرشكردنە سەر شارۆچكەی فەللوجە.
ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەكات لەسەر هێرشەكەی ئەمڕۆ بۆ ناو فەللوجە زانیاری دایە ئاژانسی ئانادۆڵو و راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانی ئەمنی كە لە دژەتیرۆر و پۆلیسی ئەنبار و سوپا پێكهاتوون، هێرشیان بۆ ناو فەللوجە دەست پێ كرد".
بەرەكات ئاماژەی بەوە دا، هێرشەكە لە هەر سێ میحوەری، ناوچەی نعێمییە لە باشوور و پردی موەزەفیین لە رۆژهەڵات و پردی ئەسجەر لە باكووری شارەكە دەستی پێ كرد.
ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار باسی لەوەشكرد، لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانی عێراق پاڵپشتی بۆ هێزە ئەمنیەكان دابین كراوە و فڕۆكەكان بە چڕی ئامانجەكانی داعش لەو سێ میحوەرە بۆردومان دەكەن كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لەتیرۆریستانی داعش كوژراون.
راجع بەرەكات گوتی: "لە دەستپێكردنی هێرشەكەدا، چەكدارانی داعش بەئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ و قەناس بەدەست و بۆمبی چێنراو، لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵاتی فەللوجە بەرگری دەكات".