Heman Hussein Yaseen
02 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2021
هەولێر - AA
بڕیارە ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەم ئەنجام بدرێت و دوێنێش دوا وادەی تۆمارکردنی کاندید و پاڵێوراوان و هاوپەیمانییەتییەکان بوو، بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا ٢٦٧ حزب لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خۆیان تۆمار کردووە و وردەکاری و ژمارەی کورسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، حوسێن شێخ رەقیب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوێنێ کۆتا رۆژی تۆمارکردنی لیستی هاوپەیمانییەتی و کاندیدەکان بوو، بە گشتی ٢٦٧ حزب تۆمارکراون لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی عێراق، هەروەها لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٤٦ کورسی هەیە، ١٦ کورسی لە هەولێر ، ١٨ کورسی لە سلێمانی و دهۆک ١٢ کورسی، لەو ژمارەیەش دوو کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحییەکانە و هەڵبژاردنی ئەمجارەش بەشێوەی بازنە ئەنجام دەدرێت".
لەبارەی شێوازی بازنە و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، حوسێن شێخ رەقیب گوتی: "ھەموو ھەرێمی کوردستان بەسەر ١٢ بازنە دابەشکراوە کە ھەولێر چوار بازنە، دھۆک سێ بازنە و سلێمانی پێنج بازنەی هەڵبژاردنن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، حوسێن شێخ رەقیب ئەوەیشی خستەڕوو کە تا شەوی رابردوو کە کۆتا وادەی خۆتۆمارکردن بووە، لە هەولێر ژمارەی پاڵێوراوانی سەربەخۆ هەشت کەس، کاندیدی حزبەکان ٢٣ کەس، کاندیدی هاوپەیمانییەتییەکان ١٢ کەس، کاندیدی مەسیحییەکان ١٠ کەس بوون و کۆی گشتیی لە پارێزگای هەولێر بریتییە لە ٥٣ پاڵێوراو.
سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، حوسێن شێخ رەقیب گوتی: "لە پارێزگای دهۆک، ژمارەی پاڵێوراوانی سەربەخۆ بریتییە لە هەشت کەس، کاندیدی حزبەکان ١٨ کەس، کاندیدی هاوپەیمانییەتییەکان دوو کەس و کاندیدی مەسیحییەکانیش دوو کەس، کۆی گشتی لە پارێزگای دهۆک بریتییە لە ٢٨ پاڵێوراو.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی-یش، حوسێن شێخ رەقیب گوتی: "لە پارێزگای سلێمانی ١٧ پاڵێوراوی سەربەخۆ هەیە، کاندیدی حزبەکان ٣٣ کەس، کاندیدی هاوپەیمانییەتییەکان ١٥ کەس و کۆی گشتی پاڵێوراوان لە پارێزگای سلێمانی بریتییە لە ٦٥ کەس".
بەگوتەی بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، سەدا ٦٩،٥ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "سەبارەت وەرگرتنەوەی بایۆمەتری دەنگدەردان لە پارێزگای ھەولێر گەیشتووەتە سەدا ٦٤ و لە پارێزگای سلێمانی سەدا ٧٠ و لە پارێزگای دھۆک سەدا ٧٤ و بە گشتی لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەدا ٦٩،٥".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، یاریدەرەری بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆتان شێرکۆ رایگەیاند کە لە ١٥ی نیسان پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری راگیرابوو تا یەکی ئایار، ئەوانەی لەم ماوەیەدا بایۆمەترییان ئەنجامداوە، کارتەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها هەر کێشەیەک لە بنکەکانی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری هەبووە، ئەوا بە دڵنیایییەوە چارەسەریان دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە یەکەم سەرداندا کارتەکانیان وەرگرنەوە.