Heman Hussein Yaseen
06 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٢ لایەنی بەشدار لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی جگە لە یەکگرتووی ئیسلامی کۆبوونەوەیەکیان لە هەولێر ئەنجامدا و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تەوەر و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.
بەشداری نەکردنی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەکەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رەخنەیان لەسەر لۆگۆی هاوپەیمانییەتییەکە هەیە و داوایان کردووە دەستکاری بکرێت.
لە نیوەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی، محەمەد جەلیل لە کۆنکرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا قسەمان کردووە لەسەر بەرنامە و کاری لیست و دروشمەکانی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی، بێگومان کارنامەکە بریتی دەبێت لە سیاسی، دەستووری، ئەمنی، کارگێری، خوێندنی کوردی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا".
محەمەد جەلیل گوتیشی: "بەرنامەی لیستەکە رەنگدانەوەی خواستی خەڵک دەبێت و بەرنامەیەکی گشتگیریش دەبێت، بەڵام تایبەتمەندی ناوچەکانی تیادا رەچاوکراوە، ھێز و لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە هاوپەیمانیەتییەکە رێژەیان لە زیادبووندایە و زیاتر لە ٢٣ لایەن لە کورد، تورکمان و ئێزدی بەشداریانکردووە، ئێمە جەخت لە پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاوازەکان دەکەینەوە، داواش دەکەین ھاونیشتمانییان بەدەم پرۆسەی بایۆمەترییەوە بچن بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن".
رۆژی ٢٨/٩/٢٠١٩ کۆبوونەوەیەک لە نێوان نۆ لایەنی کوردستانیی ئەنجامدرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگاکانی، کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین کە تیایدا بڕیاردرا بە یەک لیست لەژێر ناوی (ھاوپەیمانی کوردستانی) بەشداری ھەڵبژاردنەکە بکەن.
دواتر رۆژی ١/١٠/٢٠١٩ پارێزگاری پێشووتری کەرکووک، عەبدولڕەحمان مستەفا، بەشداری کۆبوونەوەی حزبە کوردستانییەکانی لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کرد و وەک سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانی کوردستانی ھەڵبژێردرا.
دواتر هاوپەیمانیەتییەکە فراوان بوو، لەئێستادا ٢٣ لایەنی کوردستانی لەناو هاوپەیمانیەتییەکەن کە بریتیین لە: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، حزبی شیوعی، حزبی زەحمەتکێشان، ھاوپەیمانی نیشتمانی، بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، تەڤگەری ئازادی، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، حزب الاتحاد الترکمانی العراقی، حزب الشروق الترکمانی العراق، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، پارتی گەلی تورکمانی، پارتی ئێزدی دیموکراتی، بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان، پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەوزی کوردستان، بزووتنەوەی رزگاری دیموکراتی کوردستان، پارتی نەتەوەیی کوردستان، پێشکەوتنخوازانی کوردستان، حزبی پێشکەوتنخوازانی کوردستان.
بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە یەکی نیسانی ٢٠٢٠ ئەنجامبدرێت و لایەنە کوردستانییەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین، بە لیستی ھاوبەش بەشداری لە ھەڵبژاردنەکەدا بکەن.