عەفرین
ئەمە یەكەم ئەزموونە كە لە نێو شەقامەكانی شاری عەفرین، هاتوچۆی شۆفێران و پیادە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆی ئافرەتەوە رێكدەخرێت و یاسایی هاتوچۆ جێبەجێ دەكەن و ئەو شۆفێرانەش كە سەرپێچی یاساكە دەكەن سزایان دەدەن و شۆفێران و هاونیشتمانی شارەكەش بە خۆشحاڵیەوە باس لەو دیاردەیە دەكەن.
سەرەتا یەكێك لە ئافرەتانی پۆلیسی هاتوچۆ سەربە بنكەی پۆلیسی هاتوچۆ لە ئیدارەی گشتی ئاسایشی شاری عەفرین بە ناوی شیرین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: " ژمارەی ئەندامانی پۆلیسی هاتوچۆ لە شارەكە 24 پۆلیسە كە چواریان ئافرەتان و ئەوانەی دیكە پیاون، پێشبینیش دەكرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو دا ژمارەی ئافرەت بەرز ببێتەوە".
هاوكات رانیا محەمەد كە پۆلیسی هاتوچۆیە كە لە نێو شەقامی شاری عەفرین ئەركەكەی جێبەجێ دەكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "سەرەتا لە جێبەجێ كردنی ئەركەكەی رووبەڕووی ئاستەنگیەكی زۆر بووە، چونكە كۆمەڵگە بە چاوێكی سەرسوڕمان و سەیر تەماشای دەكرد، بە تایبەتیش شۆفێران لایان سەیر بوو پۆلیسی ئافرەت لە نێو شەقامەكان هاتوچۆ رێكدەخات".
پۆلیسە ئافرەتەكە گوتی: "كارەكە زۆری نەبرد كە بەشێوەیەكی ئەرینی لەلایەن كۆمەڵگا قبووڵكراو كە ئێستا ستایشی هەوڵ و هاوكاری ئێمە دەكەن، ئەوەشمان لە بیر نەچێت ژمارەی شۆفێرانی ئافرەت لە شاری عەفرین بەرزبووەتەوە كە ئێستا گەیشتووەتە 40 لە سەدا".
لای خۆشیەوە شۆفێری پاس مەروان حەمۆ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەوە ماوەی 25 ساڵە كاری شۆفێری دەكات و لەماوەی ئەو ساڵانە هیچ كاتێك نەیبینیوە، ئافرەت هاتوچۆ رێكبخات، چونكە ئەو كارە تەنها پیاو دەیكرد.
حەمۆ دەشڵێت، بەشداری ئافرەتی كوردی لە بوارەكانی گشتی، كارێكی تازە نییە، چونكە سەرۆكایەتی حكوومەتی شاری عەفرین، ئافرەت بەڕێوەی دەبات، هەروەها ئێستا چەندەها كچ و ئافرەتی چەكدار لە ریزی پێشەوە شەڕی چەكدارانی داعش دەكەن و ئێمەش ستایشی هەوڵ و قوربانی ئافرەتانی پۆلیسی هاتوچۆ دەكەین لەو ئەركە كە دەینوێنن.
هاوكات شۆفێری ئۆتۆمبێلی گشتی سلێمان عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرباری ئەوەی من پێم باشە ئافرەت هیچ كاری لەو شێوەیە نەكات بە هۆی ئەوەی قورس و گرانە، بەڵام قسەیەكی راستە كە دەگوترێت، ئافرەتانی پۆلیسی هاتوچۆ، ئێستا زۆر بەباشی رێگەی هاتوچۆ لە عەفرین رێكدەخەن كە هیچ لەوەی پۆلیسی پیاوانی هاتوچۆ دەیكەن كەمتر نییە".
لای خۆشیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلی نەسرین حوسێن رای خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەبڕی و گوتی: "بۆ من هیج جیاوازی نییە لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، پیاو بێت یان ئافرەت، گرنگ ئەوەیە یاسای سەلامەتی هاتوچۆ جێبەجێ بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، مامەڵەكردن لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆی ئافرەت بۆ من لە رووی دەرونییەوە زۆر ئارامترە".