Hamit Hüseyin
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانی لەگەڵ یارمەتیدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری نەھێشتنی پارەدارکردنی تیرۆر مارشال بیلینگسلی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و مارشال بیلینگسلی پرسەکانی لەناوبردن و نەھێشتنی یەکجاریی داعش و بیری تیرۆریستی و توندڕەوانەیان باسی لێ کراوە و دوولایەن جەختیان لە پێویستیی وشککردنی سەرچاوەی داراییی داعش و ڕێگریکردنی تەواو لە بزاوت و چالاکییە داراییەکانی و مەترسیی سەرھەڵدانەوەیان کردەوە.
بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، "پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و دەرفەتی کار و وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری لەمبارەیەوە، سیستەمی بانکی و بانکداری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی پێشخستن و بەستنەوەیان بە جیھان، ھاوکاری و ھەماھەنگیی بانکی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی کەرتی ئابووری و بانکداری لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، دۆخی ئابووریی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەگشتی و کەرتی وزەیان بەتایبەتی، تاوتوێ کرا".
