01 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2020
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکوەزیرانی ئەسیوپیا، ئابی ئەحمەد دوا پێشهاتەکانی رەوشی بەنداوی نەهزە-یان تاوتوێ کرد.
کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئابی ئەحمەد ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دوا پێشهاتەکانی رەوشی بەنداوی نەهزە تاوتوێکراوە و لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، بەم نزیکانە رێککەوتن لەسەر بەنداوی نەهزە دەکرێت کە جێی رەزامەندیی هەموو لایەک دەبێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، شاندەکانی میسر، سوودان، ئەسیوپیا زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لە واشنتۆن سەبارەت بە بەنداوی نەهزە ئەنجامدا کە نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاو و بانکی نێودەوڵەتی تیایدا ئامادەبوون.
دوێنێ هەینی میسر، سوودان و ئەسیوپیا رایانگەیاندبوو کە گەیشتوون بە رێککەوتن لەسەر بەردانەوەی ئاو بۆ بەنداوی نەهز.
ماوەیەکی چەندین ساڵە بەنداوی نەهزە بووەتە کێشە و ناکۆکی لە نێوان میسر، سوودان، ئەسیوپیادا.