Sarmand Hameed
07 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2020
ھەولێر - AA
کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستھێنا.
ھەرچەندە بڕیاربوو کە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کارتژمێری ٩ی شەوی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی ناکۆکی نێوان بەشێک لە فراکسیۆنەکان لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان، دانیشتنەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دواخرا.
دوای کۆبوونەوەیەکی دوور و درێژ مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دواتر دانیشتەنەکە دەستیپێکرد.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا مستەفا کازمی کارنامەی حکوومەتەکەی خوێندەوە و تیایدا ھێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکوومەتی خستەڕوو.
دواتر دەنگدان لەسەر ئەندامانی کابینەکەی دەستیپێکرد و لە کۆی ٢٠ کاندید کە خرانە دەنگدانەوە، ١٥ کاندید متمانەیان بەدەستھێنا و پێنج وەزیر رەتکرانەوە.
ھەروەھا کاندیدی ھەردوو وەزارەتی دەرەوە و نەوت لەنێو لیستی کاندیدەکاندا نەبوون کە پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرابوون.
ئەندامانی کابینەی حکوومەتی عێراق متمانەیان بەدەستھێنا بریتین لە
وەزیری ناوخۆ، عوسمان عەلی فەرھود موشیر
وەزیری بەرگریی، جومعە عیناد سەعدون خەتاب
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان: نازەنین محەمەد وسو
وەزیری تەندروستیی و ژینگە، حەسەن محەمەد عەباس سەلمان
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نەبیل کازم عەبدولساحیب عەباس
وەزیری وەرزش و لاوان، عەدنان درجال مەتەر جاسم
وەزیری گەیاندن، ئەرکان شەھاب ئەحمەد کازم
وەزیری گواستنەوە، ناسر حوسێن بەندەر حەمەد
وەزیری دارایی، عەلی حەیدەر عەبدولئەمیر عەباس
وەزیری پەروەردە، عەلی حەمید موخلیف موحسن
وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، مەنھەل عەزیز مەحمود عەبدولڕەحمان
وەزیری کارەبا، ماجید مەھدی حەنتوش عەلی
وەزیری پلاندانان، خالد بەتال نەجم عەبدوڵڵا
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، مەھدی رەشید مەھدی جاسم
وەزیری کار و کاروبای کۆمەڵایەتی، عادل حاشوش روکابی
کاندیدی ئەم وەزارەتانەی کە نەیانتوانی متمانەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبھێنن و رەتکرانەوە بریتین لە:
کشتوکاڵ، محەمەد کەریم جاسم ساڵح
کۆچ و کۆچبەران، سەنا حیکمەت ناسر جەرجیس
وەزیری داد، عەبدولڕەحمان مستەفا فەتاح
بازرگانی، نەوار نەسیف جاسم حەمود
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، ھیشام ساڵح داود سەلمان