Fakhradin Ibrahim Mohammad
07 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2020
هەولێر - AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی بەخێرهاتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستانی کرد کە ئەمڕۆ لە تورکیاوە گەڕێنرانەوە هەولێر و رایگەیاند، سەرجەمیان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپاراستن دەبن دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەفین دزەیی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "بەخێرھاتنەوەی بەشێکی تری قوتابیان و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە سەلامەتی لە تورکیاوە گەڕانەوە؛ ٧٠ لە ئەنقەرە ١٣١ لە ئیستانبوڵ. سەرجەمیان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپاراستن دەبن دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی بەشداربوون بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەیە".
لە بەردەوامی ھەوڵەکانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ ٢٠١ ھاووڵاتیی و نەخۆش و قوتابی لە ئەنقەرە و ئیستانبۆڵ بە دوو فڕۆکە گەیشتنەوە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەنراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و لەچوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ھاووڵاتییان بە ھەماھەنگی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ ٢٠١ ھاووڵاتیی و نەخۆش و قوتابی لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ بە دوو فڕۆکە گەیشتنەوە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیەنراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ھەموو ئەو دەزگا و دامەزراوانە کردووە کە رۆلیان ھەبووە لە گەڕاندنەوە و پێشوازیکردن و ئەنجامدانی رێکارەکانی تەندروستی وەک باڵیۆزخانەی عیراق و نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا و ھێڵی ئاسمانی عیراقییە و ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆی ھەرێم و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کە رۆلی بەرچاویان ھەبوو لەسەرخستنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی ھاوڵاتیانی ھەرێم لەو قۆناغە سەختەدا.
وەک لە راگەیەنراوەکە ئاماژەی پێدراوە، ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گەیشتنیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرێن.