دیاربەکر
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بۆ ھەریەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و عوسمان بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر لە تەلاری شارەوانیی دیاربەکر بەڕێوەچوو. و تێیدا چەندین بەرپرسی گەورەی کوردی و پەرلەمانتار ئامادەی بوون.
بایدەمیر بەگەرمی بەخێرھاتنی بارزانیی کرد بۆ دیاربەکر و گوتی: "بەخێَربین سەر چاومان بۆ باکووری کوردستان، ئێستا لە شاری خۆتی. ئامەد ماڵی ھەموو کوردە ھەولێر و قامیشلۆ و مەھابادیش ھی ھەموو کوردانە."
بایدەمیر بانگەوازیکرد بۆ پتەوترکردنی پرۆسەی ئاشتی لەناوچەکەدا گوتی: "دەبێ سەردەم بەرەو رێککەوتن و ئاشتی بڕوات، داوا لە برایانی تورک، عەرەب، فارس دەکەم چیدی لێنەگەڕین کورد مەزڵوم بن."
ھەروەھا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی خۆی بۆ دیاربەکر گوتی: "زۆرم پێخۆشە کە ھاتوومەتە شاری ئاماد، ئەوە یەکەمین جارمە لەنێو باژێری ئامەددا دەگەڕێم. ھاتنی ئێمە ھەڵَگری پەیامی ئاشتی و برایەتییە، ھاتووین بۆ پاڵپشتیکردنی کورد و پرۆسەی ئاشتی، ئێمە ھەڵگری پەیامی ئاشتیی ھەولێرین بۆ ئامەد."
بارزانی جەختیکردەوە کورد ئاشتی پارێزن و دەستی ئاشتی بۆ تورک و عەرەب و فارس درێژ دەکەن.
ھاوکات ستایشی ھەنگاوەکانی ئاشتیی ئەردۆغان و ئۆجالانیشی کرد و گوتی: "دەبێ ھەموو سەبرمان ھەبێ چونکە پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەکی ئاسان نییە، ئەو دەستکەوتانەی دێنە دەست بەرێگەی دیکە نایەنە دەست، ئەولەویەتی کاری ئێمە ئیتیفاقی گەلی کوردە. کاتێ کورد ئیتیفاقی ھەبێ دەتوانن باشترین خزمەتی کورد و تورک و عەرەب و فارسیش بکەین، ئەوەی دوێنی لەئامەد دەستمانپێکرد قۆناغێکی تازە و پیرۆزە."
بارزانی گوتی: "شاری ئامادە بەدڵ گیانم خۆشم دەوێ، ئامەد ماڵی ئێمەیە و ھەولێریش ماڵی ئێوەیە ئینشائەڵڵا ئاشتی سەردەکەوێ."