Heman Hussein Yaseen
01 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، دەستیان لەکارکێشایەوە و ھۆکارەکەیشیان بۆ بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گەڕاندەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، شێرکۆ جەودەت نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و دەقی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی ھەر پێنج پەرلەمانتارەکەی لەگەڵ ھاوپێچ کردووە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "دەقی نووسراوی ھەر پێنج پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی (شێرکۆ جەودەت، ئیسماعیل عەلی تەھا، ئەبوبەکر عومەر عەبدوڵڵا، ھەڵز ئەحمەد محەمەد و سەرچنار ئەحمەد مەحمود)تان ئاراستە دەکەین بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری پەیڕەویی لەسەری بەپێی ماددەی ٢٥- دووەم خاڵی دوو لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئیسماعیل عەلی تەها لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنەکەی راگەیاند و ھۆکارەکەیشی خستەڕوو و گوتی:
"بەھۆی ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵ متمانەیان بە ئێمە بەخشیبوو، بۆیە ئێمە دەبوو لەم کاتەدا لەبەردەم پڕۆسەی ھەڵبژاردن بین، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەو پڕۆسەیە، تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە و تا ئێستاش لەماوەی درێژکردنەوەکەدا یەک کۆبوونەوە ئەنجام نەدراوە".
گوتیشی: "بۆیە ئێمە وەک ئەوەی کە بەڵێنمان بە دەنگدەرانمان دابوو، لەم ئەمڕۆیەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆمان پێشکەیشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد".
رۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ پەسەند کرد و ئەمەش کاردانەوەی لایەنەکانی دەرەوەی حکوومەتی لێکەوتەوە، هەروەها ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان کە حزبەکەی بەشدارە لە حکوومەت، شایان کاکە عەسکەری دەستی لەکارکێشایەوە.
بڕیار بوو رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان و ژمارەی کورسیی پێکھاتەکان، نەگەیشتنە ھیچ رێککەوتنێک و ھەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام نەدرا.